ناس کورد-
کۆمەڵ و گۆڕان و یەکگرتوو داوادەکەن لەهەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمان ڕۆژی دەنگدانی تايبەت نەمێنێت و ئەو كارمەندانەی بنكەكانی دەنگدان دەپارێزن لەهەمان بنكە لەگەڵ كارمەندانی كۆمسيۆن لەکاتژمێر يەكەمدا دەنگ بدەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
مەکتەبی هەڵبژاردنى ئەو سێ لایەنە (6-9-2022) لە کۆبوونەوەیەکدا لە سلێمانى جەختیان کردەوە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پرسی دواخستنی هەڵبژاردنیان خستە ئەستۆی لايەنەكانی دەسەڵات و سەرۆكايەتی پەرلەمان، ئەوەش بەپێى راگەیەنراوێکى مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵ کە دەست "ناس کورد" کەوتووە.
دەقى راگەیەنراوەکە:
ڕۆژی سێشەممە ٢٠٢٢/٩/٦ بەرپرس و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵ و گۆڕان و یەکگرتوو لەشاری سلێمانی کۆبوونەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرایەوەو پرسی دواخستنی هەڵبژاردن خرایە ئەستۆی لايەنەكانی دەسەلات و سەرۆكايەتی پەرلەمان.
د. بێستون حەمەساڵح بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەری ئاماژەی بەوەکرد کە کۆمەڵ پێداگرە لەسەر هەڵوێستەكانی پێشووی و تەبەنی ئەو پڕۆژانە دەکات کە لە بارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەوە پێشكەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە.
کۆمەڵ و گۆڕان و یەکگرتوو جەختیات لەوە کردەوە کە ڕۆژی دەنگدانی تايبەت نەمێنێت و ئەو كارمەندانەی بنكەكانی دەنگدان دەپارێزن لەهەمان بنكە لەگەڵ كارمەندانی كۆمسيۆن لەسەعاتی يەكەمدا دەنگ بدەن.
کۆبوونەوەکە پێیوابوو هەر پڕۆژەيەكی نوێ جگە لەوانەی پێشتر پێشکەشکراون بۆ شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، درەنگ وەختەو دەبێتە هۆی زياتر دواخستنی هەڵبژاردن.