ناس کورد-
محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم ڕایگەیاند، غاز بە بۆری دەگەیەنرێتە سەرجەم ماڵەکان لە هەرێمی کوردستان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
محەمەد شوکری لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاریی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان (6ی ئابی 2022) دەڵێت، "مۆڵەتی پڕۆژەی گەیاندنی غاز بۆ ماڵان دراوە، بە دوو قۆناغ دەبێت، یەکێیان دروستکردنی عەمبارەکانی غازە بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی ئەم پڕۆژەیە بکەن و قۆناغێکی تر دەستنیشانکردنی کۆمپانیاکانە."
دەشڵێت، "لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان واز لە بەکارهێنانی بوتڵی غاز دەهێنێت و بە بۆڕی و بە ستانداردی جیهانی غاز دەگەیەنرێتە ماڵان، کە ئەمەش لە قازانجی هاووڵاتیانە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە بۆ خۆی سەرپەرشتی ئەم پڕۆسەیە دەکات.''
لەبارەى دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ هەژاران و کەمدەرامەتان، محەمەد شوکری وتیشی، "لە زۆربەی شوێنەکان زەوی تەرخان کراوە و لیژنەی باڵا بۆ جیاکردنەوەی ناوەکان دروست بووە کە پێشتر لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە ڕاگەیەنرابوو، یوزێرنەیم و پاسوۆردی ئەم ئەکاونتە دراوەتە پارێزگا و لیژنە، تاکوو دادپەروەری لە هەڵبژاردنی ناوەکان هەبێت".
دەشڵێت، "لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت 100% خەڵکی شایستە هەڵبژێردرێت و دواتر وردبینی و ڕێکارەکان ئەنجام دەدرێت و بڕیار وایە لە ماوەی دوو ساڵ قۆناغی یەکەم تەواو بێت و ئەو یەکانە بدرێتە دەست کەمدەرامەت و کرێنشین و هەژاران."