ناس کورد-
ئیدارەی گەرمیان داوای لێپێچینەوە لە بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان دەکات بەهۆی ئەوەی خۆی و ستافەکەی لەکاتی دەوامی فەرمیدا بەشدارییان لە پرسە کردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی نوسراوێکی ئیدارەی گەرمیان بەژمارە (١١/ ١/ ٢٩٦٥) کە لە ٣١/ ٨/ ٢٠٢٢ دەرچوە و ئاراستەی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم کراوە و رادیۆى "دەنگ" بڵاویکردووەتەوە، سەرباری ئاگادارکردنەوەی چەندەم جارەیان بۆ بەڕێوبەری فەرمانگەکان لە بەشداریی نەکردن لە پرسەدا لە کاتی دەوامی فەرمی، کەچی بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان پێوەی پابەند نەبوە.
ئاماژە بەوەشکراوە "بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان بەبێ بایەخدان و پابەندبونی بە یاسا و رێنماییەکان لەکاتی دەوامی فەرمی هەستاوە لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرمانبەرانیان لە بەرواری (٢٩/ ٨/ ٢٠٢٢) فەرمانگەکەیان بەجێهێشتوە و سەردانی پرسەیان کردوە لە قەزای کفری".
ئەو پرسەیەی کە لە نوسراوەکەی ئیدارەی گەرمیان دا ئاماژەی پێکراوە، پرسەی (سهێل خورشید رەشید) بو کە بە م. شەماڵ ناسراوە و رۆژی ٢٨ـی ئابی ٢٠٢٢ لە بەردەم ماڵەکەی خۆی دا لە کفری تیرۆر کرا. ناوبراو جگە لەوەی نوسەر و لێکۆڵەر و ئەندامی تەڤگەری ئازادی نزیک لە پەکەکە بوو، فەرمانبەریش بو لە بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی کفری.
شادیە حسێن، بەڕێوبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان وتی "ئەو کەسەی ئێمە بەشداریمان لە پرسەکەی کردوە فەرمانبەرمانە و ٤۰ ساڵە خزمەتی هەیە و بەقەد هەمومان خزمەتی کشتوکاڵی کردووە".
وتیشی "لێپێچینەوە لە هەر فەرمانبەرێکم بکرێت کە لەگەڵم هاتووە بۆ پرسەکە هەمووی دەخەمە سەر خۆم، ئەگەر عقوبەی شەش مانگیش بێت بەسەربەرزیەوە وەری دەگرم، بۆ ئەو پیاوە هەرچی بکەم کەمە".
لەبارەی جێهێشتنی دەوامی فەرمی بۆ چونە پرسە کە پێشتر ئیدارەی گەرمیان بەڕێوبەرەکانی لە قەدەغەبونی ئاگادارکردوەتەوە، شادیە حسێن وتی "من لەگەڵ ستافی بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی کفری کاتژمێر ٨ـی بەیانی رۆشتمە پرسەکەی کە فەرمانبەری خۆمە و لە ٩:٤٠ هاتومەتەوە".