ناس کورد-
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، "وەکو تێست دەستمان کردووە بە ئەنجامدانی سیستەمێکی نوێ لە ھەولێر و دھۆک بۆ ئەوەی کارەبای نیشتیمانی ببێتە 24 کاتژمێری و تا ئێستا لە دوو شوێن تاقیمان کردۆتەوە و بەردەوامیش دەبین و فراوانتری دەکەین."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی (4ی ئەیلولی 2022) گوت: "لە چوارچێوەی پڕۆژەی پێوەری زیرەکی کارەبا ئێستا دەستمان بە تێستکردن کردووە بۆ ئەوەی سیستەمی کارەبا ببێتە کارت، کە ھاووڵاتیان 24 کاتژمیر کارەبایان ھەبێت، تا ئێستاش لە دھۆک لەناو بازاڕ و لە ھەولێریش لەبازاڕی لەنگە ئەو تێستە کراوە و 24 کاتژمێر کارەبایان ھەیە و سەرکەوتوو بووە".
ئومێد ئەحمەد گوتیشی: "ئەو پڕۆژەیە وردە وردە فراوان دەکرێت و چاوەرێی دەرئەنجامەکان دەکەین بزانین ئەگەر سەرکەوتووبێت ئەوە لە ھەموو شوێنەکان و ناوچەکان جێبەجێی دەکەین، بۆ ئەوەی خەڵک بەردەوام کارەبای نیشتیمانی ھەبێت، بەڵام ئەم سیستەمە بەپێی بەکارھێنانی کارەبا بۆی ھەژمار دەکرێت لەڕووی نرخەوە و بەھەمان نرخی ئێستا دەبێت".
ئەحمەد باسی لەوەشکرد: "ھاووڵاتیان لە شوێنی ئەوەی پارەی مۆلیدە و پارەی کارەبای نیشتیمانی بدەن ئەوکات کە ئەو سیستەمە جێبەجێکرا مانگانە یەک جار پارە دەدەن و ئەویش بەپێی بەکارھێنانی کارەبا، چونکە ئامانجی ئێمە لە ئەنجامدانی ئەوکارە ئەوەیە کە کارەبای نیشتیمانی ببێتە 24 کاتژمێری بەردەوام".
ناوبراو گوتیشی: "ئەو شێوازە خۆی وایە ھەرجارە و لەناوچەک جێبەجێ دەکرێت و کارەبای نیشتیمانیان بەھۆی پێوەری زیرەک دەکرێتە بەردەوام تا ھەموو ناوچەکان دەگرێتەوە، ئەوەش لەسەر خواستی ھاووڵاتیانە".