ناس کورد-
توێژینەوەیەکی نوێی بەریتانی کاریگەریی ئەرێنی چایی لەسەر جەستەی مرۆڤ ئاشکرا دەکات و دەڵێت، دەبێتەهۆی تەمەندرێژی، توێژینەوەکە ئاماژەی بە چایی ڕەش کردووە کە لە عێراقیش باوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
توێژینەوەکە لە گۆڤاری (Annals of Internal Medicine)دا بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی ڕۆژانە زیاتر لە دوو کوپ چا دەخۆنەوە ئەگەری زۆرە تەمەنیان درێژتر بێت لە چاو ئەوانەی نایخۆنەوە.
بەپێی توێژینەوەکە، ئەو سود و کاریگەرییە ئەرێنییانە پەیوەندی نەبووە بەوەی ئایا چایەکە بە شتی ترەوە، بۆ نموونە لەگەڵ شەکر و شیر، دەخورێتەوە یاخو نا، هەروەها باسی لە گەرم و ساردی چاییەکە نەکردووە.
توێژەرانی توێژینەوەکە لە پەیمانگا نیشتمانیی تەندروستیی بەریتانیا، داتاکانی بایۆبانکی نیو ملیۆن ژن و پیاویان لەو وڵاتە بەکارهێناوە کە تەمەنیان لەنێوان 40 بۆ 69 ساڵدا بووە و 85%ی ئەو کەسانە بە بەردەوامی چایان خواردووەتەوە کە زۆربەی زۆری چایی ڕەش بووە.
زیاتر بخوێنەوە: خواردنەوەی چای ڕۆژانە چی بەسەر جەستەدا دێنێت؟
لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە خواردنەوەی بەردەوامی چایی بۆ ماوەی 10 ساڵ، ئەگەری مردن بە ڕێژەی 9 بۆ 13% کەمدەکاتەوە، بەتایبەتی لەنێو ئەو کەسانەی کە نەخۆشی دڵ و خوێنبەرەکانیان هەیە.
فێرناندۆ رۆدریگێز ئارتالێخۆ، مامۆستای پزیشکی خۆپارێزی و تەندروستیی گشتی لە زانکۆی ئۆتۆنۆمی مەدرید توێژینەوەکەی بە "پێشکەوتنێکی بەرچاو" ناوبرد و روونیکردەوە زۆربەی تاقیکردنەوەکانی پێشوو لە ئاسیا ئەنجامدراون کە چایی سەوز بە شێوەیەکی بەرفراوان دەخورێتەوە، بەڵام کەمێک لە دەرەوە ئەنجامدراون کە زۆربەیان توێژینەوەی "بچووک و بێ ئەنجام" بوون.
داواشیكرد توێژینەوەی زیاتر بكرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا چایی كاریگەری ئەرێنی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە یان نا.