ناس کورد-
پارێزگای هەولێر سزادانی 12 بەنزینخانەی بەهۆی فرۆشتنی بەنزینى خراپ و دەستکاریکردنى كوالیتییەکەى ڕاگەیاند و هاوکات ناوی سێ بەنزینخانەشی بڵاوکردەوە کە ئەو سەرپێچییەیان دووبارە کردووەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دەقی ڕاگەیەنراوەکە:
بەهۆی فرۆشتنی بەنزینى خراپ و دەستکاریکردنى كوالیتییەکەى (12) بەنزینخانەی تر سزادران
لەم هەفتەیەدا لەکۆى پشکنینى (48) وێستگە، لەلایەن لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکانى سەر بە بەڕێوەبەرایەتى نەوت و کانزاکانى هەولێر، (12) بەنزینخانەی تر لەهەولێر و دەوروبەرى بەهۆى دەستکاریکردنى كوالیتی بهنزین و خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن بەهاووڵاتیان سزادراون و ڕێکارى یاسایی لەبەرامبەر خاوەنەکانیان گیراوەتەبەر.
لەسەرەتای مانگى (6)ى ئەمساڵ تاکو ئەمڕۆ پێنجشەممە 2022.9.1، کۆی گشتیی ئەو بەنزینخانەی کە سزادراون (254) بەنزینخانەن، لەو ژمارەیەشدا (3) بەنزینخانەى تر بەهۆی زیاتر لەجارێک سەرپێچی و دەستکاریکردنى كوالیتیى و فرۆشتنی بەنزینی خراپ بەهاوڵاتییان، ناوەکانیان بڵاو دەکەینەوە.
ناوی بەنزینخانەکان:-
1- وێستگەى ئارام محەمەد
2- وێستگەى باواجى
3- وێستگەى هەڵگورد
لەئێستادا بەرھەمی بەنزینی جۆری 800 دینارى نۆرماڵ بە کوالێتییەکی باش لەبەنزینخانەکاندا دەست دەکەوێت و لیژنەکانی بەدواداچوون و چاودێرییکردنى بەنزینخانەکانیش ھەوڵەکانیان چڕترکردۆتەوە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردن و پاراستنی خەسڵەت و کوالێتیی بەنزین، دڵنییاى هاوڵاتییان و هاوشاریانى خۆشەویستى شارەکەمان دەکەینەوە، لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکان بەردەوامن لەگرتنە بەری ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر کەس و خاوەن بەنزینخانانەیەک کە بەنزینى خراپ بفرۆشێتە هاوڵاتییان و دەستکاری کوالێتی بەنزین بکات، داواش لەهاووڵاتیان دەکەین هاوکارمان بن و لەکاتی تێبینیکردنی هەر جۆرە سەرپێچیەک، لەزووترین کات ئاگادارى قائیمقامیەتى ناوەندى هەولێر بکەنەوە.
ڕاگەیاندنى پارێزگاى هەولێر
2022.9.1