گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زیاتر بزانە

ڕۆژنامەی العرب پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ئێران بۆ سەدر ئاشکرا دەکات

2022.08.31 - 09:37
App store icon Play store icon Play store icon
ڕۆژنامەی العرب پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ئێران بۆ سەدر ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "العرب"، بانگەوازەکەی موقتەدا سەدر بۆ ئەوەی لایەنگرانی لە ناوچەی سەوز و خۆپیشاندانەکان بکشێنەوە بەشێک نەبووە لە پلانێکی پێشوەختە پلان بۆ داڕێژراو، بەڵکوو هەنگاوێکی ناچاری بووە دوای ئەوەی ئێران هەڕەشەی لێکردووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە کە لە چەند سەرچاوەیەکی سیاسیی عێراقییەوە (31ی ئابی 2022) دەستی کەوتووە، پەیامێک لە ئێرانەوە گەیشتووە بە سەدر کە پێویستە ئەو ئاژاوەیە بوەستێنێت کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو دوای وازهێنانی لە سیاسەت لە بەغدا دروست بوو.


ئەو سەرچاوانە دەشڵێن، "ئێران، کە لە ماوەی ڕابردوودا وازی لە سەدر هێناوە و ڕووبەڕووی نەبووەتەوە بە ئومێدی ئەوەی بە خۆی و بژاردەکانیدا بچێتەوە، سەدری ئاگادار کردووەتەوە کە پێویستە شیعەکان یەکگرتوو بن نەک شیعەی عەرەبی و شیعەی وەلائی بۆ ئێران."

 

ڕۆژنامەکە ئاشکراشی کردووە کە "ئێران سەدری ئاگادار کردووەتەوە کە دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی بکات و ناکۆکییە کۆنەکانیشی لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا لە بیر بکات."

 

ئەو سەرچاوانە دەشڵێن کە "پەیامەکەی ئێران ئامادەیی ئەو وڵاتەی دەرخستووە بۆ کوشتنی سەدرییەکان ئەگەر پێویست بکات بۆ ڕێگری لە دروستبوونی دووبەرەکی نێوان شیعەکان، ئەوەش بە پێکدادانەکانی ڕۆژی دووشەممە و سێشەممەدا بە ڕوونی دیار بوو کە زۆربەی کوژراوەکان لایەنگرانی سەدری بوون."

 

باسیان لەوەش کردووە کە ئەو پەیامەی ئێران، سەدری لەنێوان دوو بژاردەی قورس داناوە، یان پێکدادان لەگەڵ دەوڵەتی عێراقی و ڕووبەڕووبوونەوەی سوپا، کە ئەوەش لە زیانیەتی، یان بژاردەی دووەم کە ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی کە هێزێکی ڕێکخراویان هەیە و لەسەر ڕاسپاردەی ئێران دەجووڵێنەوە.