گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تا پێنج ساڵى دیکە

رۆیتەرز: بەرهەمی نەوتی هەرێم بۆ نیوە دادەبەزێت

2022.08.30 - 20:03
App store icon Play store icon Play store icon
رۆیتەرز: بەرهەمی نەوتی هەرێم بۆ نیوە دادەبەزێت

ناس کورد-

 

بەڵگەنامە حكومییەكان دەریدەخەن كە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستانی عێراق تا ساڵی 2027 بۆ نزیكەی نیوە كەم دەبێتەوە ئەگەر هیچ گەڕانێكی نوێ و وەبەرهێنانی گەورە لەو كەرتەدا نەكرێت، ئەوەش بەپێی ئاژانسى رۆیتەرز.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی راپۆرتەکە (30-8-2022)، دیپلۆماتکاران و بەرپرسان و پسپۆڕانی وزە ئاماژەیان بەوەکردووە، دابەزینی بەرچاوی داهاتی نەوت، کە هێڵی ژیانە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، رەنگە کێشە ئابوورییەکانی هەرێمێک زیاتر بکات کە لە ئێستاوە تووشی کێشەی دارایی بووە لە ژێر رۆشنایی ناسەقامگیری دۆخی عێراقدا.

 

بەپێی بەڵگەنامەكان، ئەگەر وەبەرهێنانەكان بەشێوەیەكی گونجاو بكرێت، دەكرێت لە ماوەی پێنج ساڵدا بەرهەمی هەرێمی كوردستان بگاتە 580 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، واتە رۆژانە 530 هەزار بەرمیل بۆ هەناردەكردن بەردەست دەبێت.

 

بەڵام بەڵگەنامەکان کە پێشتر ئاشکرا نەکراون، دەریدەخەن کە بەبێ وەبەرهێنانی نوێ، هەرێم خاوەنى تەنیا ٢٤٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەبێت بۆ هەناردەکردن لەگەڵ تەواوبوونی بیرە کۆنەکان.

 

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هیچ وه‌ڵامێكی نه‌دایه‌وه‌ بۆ قسەکردن لەسەر ئەو پرسە.

 

*دابەزینی ئاسایی

 

بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەدوای لەشكركێشی رووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا، دۆخی دارایی حكومەتی هەرێم لەمساڵدا باشتر بووە، بەڵام دابەزینی بەرچاوی بەرهەمهێنان بارگرانی قورسی دارایی بەڕێژەیەكی بەرچاو زیاد دەكات.

 

بەپێی راپۆرتی دیلۆیت، بەرهەمی نەوتی هەرێم بەکردەریی لە نزیكەی 468 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا لە ساڵی 2019 بۆ 445 هەزار بەرمیل لە ساڵی رابردوو،لە چارەكی یەكەمی ساڵی 2022یشدا بۆ 434 هەزار بەرمیل دابەزیوە.

 

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ حكومه‌تی كوردستان رایگه‌یاند "هۆكاری كه‌مبوونه‌وه‌ی ئێستای به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت، بێتوانایی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانە بۆ راکێشانى وه‌به‌رهێنانی زیاده‌ له‌ كاتی خۆیدا بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی سروشتی به‌رهه‌مهێنانی هه‌ر بیرێك".

 

به‌ڵگه‌نامه‌ حکومه‌تییه‌کان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ که‌مبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنان له‌ سێ کێڵگه‌ی گه‌وره‌ی نه‌وت که‌ بریتین له‌ ته‌وکی و خورمه‌ڵه‌ و ته‌ق ته‌ق، هۆکاری سه‌ره‌کیی که‌مبوونه‌وه‌ی نه‌وته‌.

 

ئەگەری دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان پێویستی بە زیادكردنی بەرهەمهێنانی غاز هەیە، بەڵام بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەكانەوە پرۆژەیەك بۆ فراوانكردنی یەكێك لە گەورەترین كێڵگەكانی عێراق راگیراوە.

 

شارەزایانی وزە و سەرچاوەکانی پیشەسازی دەڵێن ڕاکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر دەتوانێت هەرێم لە خلیسکان بۆ ئیفلاسبوون ڕزگار بکات.

 

رۆبن میڵز، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای راوێژكاری وزەی قەمەر دەڵێت "هەندێك فراوانكردن لە بوارەكاندا هەیە، بەڵام خاون، كۆمپانیاكان بەزەحمەت رەزامەندییان بۆ دەردەچێت و چەند ساڵێكە هیچ دۆزینەوەیەكی بەرچاو روونەداوە".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەبێ گەشەسەندنی نوێی بەرچاو، مەترسی پاشەکشەیان لەسەرە لە داهاتوویەکی نزیکدا".

 

* پاشەکشەی کەرتی نەوت

سه‌رچاوه‌كه‌ى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ هه‌رێم یەدەگی نەوتی سەلمێنراوی كەمتر لە سێ ملیار بەرمیل زیاترە، ئەمەش بەپێی گەشبینترین چاوەڕوانییەكان، بەشێكی كەم لە كۆی یەدەگی سەلمێنراوی عێراق دەكات كە زیاتر لە 140 ملیار بەرمیل نەوتە.

 

کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان لەم دواییانەدا تووشی کۆمەڵێک پاشەکشە بووە.

 

بڕیارێکی مانگی شوباتی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، کە بنەماى یاسایی کەرتی نەوت و غازی ناوچەکەی بە نادەستووری زانی، وایکرد بەشێک لە کۆمپانیا بیانییەکان لەوان کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری نەوتی ئەمریکی شلومبێرگەر، بەیکەر هیوز و هالیبێرتۆن ناوچەکە جێبهێڵن.

 

 هەروەها بڕیارێکى چاوەڕوانکراو لە دۆسیەیەکی ناوبژیوانیدا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014 لە نێوان تورکیا و عێراقدا لەسەر بۆری هەناردەکردنی نەوت کە لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەڕوات، گومانى لای ئەو کۆمپانیا بیانیانە دروستکردووە کە هێشتا لە هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن.

 

عێراق دەڵێت تورکیا ڕێکەوتنێکی پێشێل کردووە و ڕێگەی بە هەرێمی کوردستان داوە بەبێ ڕەزامەندی بەغدا بگاتە ئەو بۆرییە.

 

دوایین دانیشتنی دۆسیەی ناوبژیوانی لە مانگی تەمموزدا لە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس بەڕێوەچوو، لە چەند مانگی داهاتووشدا بڕیاری کۆتایی دەردەچێت، ئەوەش بەپێی وەزارەتی نەوتی عێراق و سەرچاوە ئاگادارەکانی ئەو بابەتە.

 

وەبەرهێنەرانی نەوتی بیانی بۆ یەکەمجار لە سەردەمی سەدام حوسێن هاتنە کوردستان، کە ناوچەکە بە سەقامگیرتر لە هەموو عێراق دادەنرا.