گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەیامێکی بەپەلە لە نێچیرڤان بارزانییەوە: دۆخی عێراق دانایی دەوێت

2022.08.29 - 21:22
App store icon Play store icon Play store icon
پەیامێکی بەپەلە لە نێچیرڤان بارزانییەوە: دۆخی عێراق دانایی دەوێت

ناس کورد-

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "دۆخى وڵات ئه‌وپه‌ڕى دانايى و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لۆژێك و ده‌سپێكردنى گفتوگۆيه‌كى نيشتمانى و به‌رپرسانه‌ و هاريكاريى هه‌مووانى ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ى عێراق له‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ ڕزگارى ببێت و كار له‌ كار نه‌ترازێت."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 

نێچيرڤان بارزانى لە پەیامێکدا (29ی ئابی 2022) دەڵێت، "له‌ نزيكه‌وه‌ و به‌ نيگه‌رانييه‌كى قووڵه‌وه‌ له‌ پێشهاته‌ سياسى و ئه‌منييه‌كانى ئه‌مڕۆى به‌غدا و چه‌ند شوێنێکی دیکه‌ی وڵات ده‌ڕوانين. داوا له‌ هه‌موو لايه‌ك ده‌كه‌ين ئه‌وپه‌ڕى دان به خۆياندا بگرن و ڕێگه‌ نه‌ده‌ن دۆخه‌كه‌ له‌وه‌ زياتر له‌ كۆنترۆڵ ده‌ربچێت."

 

دەشڵێت، "خۆپيشاندانى ئاشتيانه‌ مافێكى ده‌ستووريى پارێزراوه‌، به‌ڵام ئاڵۆزى و ڕاگرتنى دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت هيچ كێشه‌يه‌ك چاره‌سه‌ر ناكات و دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات، بۆيه‌ ده‌بێ شكۆى دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت پارێزراو بێت و ڕێگرى له‌ ئه‌رك و كاره‌كانيان نه‌كرێت."

 

"هه‌روه‌ها له‌سه‌ر هێزه‌ ئه‌منييه‌كان پێويسته‌ به‌وپه‌ڕى ئاگايى و وشيارييه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا بكه‌ن و ڕێگه‌ نه‌درێت خۆپيشاندان و ڕووداوه‌كان ببنه‌ هۆى تێكچوونى زياترى دۆخى ئه‌منى و كه‌وتنه‌وه‌ى قوربانى له‌نێوان عێراقييه‌كاندا،" نێچیرڤان بارزانی وا دەڵێت.

 

جەختیکردووەتەوە کە "دۆخى وڵات ئه‌وپه‌ڕى دانايى و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ لۆژێك و ده‌سپێكردنى گفتوگۆيه‌كى نيشتمانى و به‌رپرسانه‌ و هاريكاريى هه‌مووانى ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ى عێراق له‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ ڕزگارى ببێت و كار له‌ كار نه‌ترازێت."

 

"دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ هاريكار ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌رى و لێكگه‌يشتنى لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان، بۆيه‌ دووباره‌ هه‌موو هێز و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌ عێراقييه‌كان بانگهێشت ده‌كه‌ين بۆ ئه‌وه‌ى بێن له‌ هه‌ولێر كۆببنه‌وه‌ و ده‌ست به‌ گفتوگۆيه‌كى جددى بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌م دۆخه‌ ئاڵۆزه‌ى وڵات بكه‌ن".