گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەى پۆستی بافڵ تاڵەبانی بڕیاری دا

2022.08.28 - 15:50
App store icon Play store icon Play store icon
سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەى پۆستی بافڵ تاڵەبانی بڕیاری دا

ناس کورد-

ئەنجومەنی سەرکردایەتی سیستەمی ھاوسەرۆکی ھەڵوەشاندەوە و بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەڵبژێردرا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، (28ی ئابی 2022، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە سلێمانی بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی یەکێتی بە دەنگی زۆرینەی ئەندامان دیاریکرا، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوى کۆتایی کۆبوونەوەکە کە دەست "ناس کورد" کەوتووە.

 

دەقى راگەیەنراوەکە:

بەسەرپەرشتی ھەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەمڕۆ یەک شەممە ٢٨ ی ئابی ٢٠٢٢ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوووە .

 

لەکۆبوونەوەکەدا ھەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی راپۆرتێکی زارەکی ھەمەلایەنەی لەسەر دۆخی گشتی ھەرێم بەتایبەت گوزەران و ژیانی خەڵکی کوردستان ، عیراق ، ناوچەکە ،  پرسی رێکخراوەیی و حزبی , پەیوەندییەکانى یەکێتی لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییەکان , روئیای یەکێتی بۆ داھاتوو ، پێشکەشکردوو تێیدا ئامادەبووانی بەرچاوڕوونکرد لەدواین پەرەسەندنە سیاسی و ئابووری ، ئەمنییەکان و رایگەیاند یەکێتی وەک ھێزێکی بەرپرسیار ، دەربەست بە مافەنەتەوەییەکان و بەرپرسیاری نیشمانی لەسەر یەک ھێڵی ستراتیژی کوردستانی سیاسەتی خۆی بە ئەمانەتەوە جێبەجێکردووە  ،  ئاماژەی بەوەکرد ھەم لەھەرێم ھەوڵمانداوە یەکڕیزی نیشتمانی بپارێزین و کاربکەین بۆ بەھێزترکردنی قەوارەی ھەرێم و ھەم لە عیراقیشدا توانیومانە ئەرکە نیشتمانییەکانی خۆمان جێبەجێبکەین لەسەر بنچینەی تەوافق و ھاوبەشێتی راستەقینە و پاراستنی بنەماکانی دەستوور ، کەسەرۆک مام جەلال و باوکە دامەزرێنەرەکانی دیموکراسی لە عێراقی نوێ بناغەیان داناوە ھەروەھا ھەڤاڵ بافڵ رایگەیاندئەم سەنگەی یەکێتی لە سیاسەتی عیراقیدا بەرھەمی یەکڕیزی سەرکردایەتی و یەک سیاسەتی حزبەکەی  سەرۆک مام جەلالە و  دەست خۆشی ئەو یەکڕیزی و گیانی بەرپرسیارێتییە حزبییەی لەھەموو ھەڤاڵانی سەرکردایەتی  کرد کە ئێستا وای لێھاتوو ھەموو لایەنەکان متمانە بە سەنگ وپێگەو گوتاری یەکێتی بکەن  .

 

ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە گفتوگۆکانیاندا دەست خۆشیان لە سەرۆک بافڵ و تیمی یاوەریکرد لە بەغدا کە سیاسەتەکانی ماوەی رابردوو پێگەی یەکێتی وەک زەمانی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال بوژاندۆتەوەو سەنگی سیاسەتی کوردستانی لە عێراق و ناوچەکە بەرزکردۆتەوە .

 

دوابەدوای ئەوە بەپێی ئەجندای کۆبوونەوەکە گفتوگۆ لەسەر تەوەرەی راسپاردەکانی دیداری یەکێتی و ھەمواری پەیڕەوی ناوخۆ  کرا .

 

ھەڤاڵ قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری دیداری یەکێتی رونیکردەوە کە راسپاردەکان بەسەر سیانزە لیژنەدا دابەشکرابوون و گەڵاڵەی بیروبۆچوونی ھەزاران کادرو تێکۆشەری دێرین و نوێی یەکێتییە لەھەموو ئاست و بوارەکان ، تەنانەت دۆستانی یەکێتیش لە ئەکادیمست و پسپۆڕان بەشداریان تێداکردبوو کە ئەمە دیاردەیەکی دیموکراسی حزبییە جێی دڵخۆشییە  .

 

ئەنجومەنی سەرکردایەتی دوای گفتوگۆ سەرجەم راسپاردەکانی دیداری یەکێتی پەسەندکرد و ئۆرگان و دامەزراوەکانی  یەکێتی راسپارد ھەریەکەو لەلایەن خۆیەوە جێبەجێیان بکات . 

 

تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ھەمواری پەیڕەوی ناوخۆ  بەگوێرەی ھەلومەرجی نوێی ژیانی حزبایەتی یەکێتی . 

 

لیژنەی پەیڕەو سەرجەم ئەو گۆڕانکارییانەی خستەبەردەم ئەنجومەنی سەرکردایەتی کە بۆ گەشەکردنی ژیانی حزبایەتی یەکێتی پێویستن  دوای گفتوگۆی تێروتەسەلی ھەڤاڵانە پەیڕەوە نوێکە پەسەندکرا .

 

پاشان بەگوێرەی پەیڕەوی نوێی  کە سیستمی ھاوسەرۆکی نەھێشت،  بۆ تەئکیدکردنەوەی ئاسایی و نەریتی حزبایەتی ھەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی ، خۆی کاندیدکرد بۆ ئەرکی سەرۆکایەتی یەکێتی و ئەنجومەنی سەرکردایەتیش  ھەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی  بەسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  ھەڵبژارد .