گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

ئێف بی ئای: 184 بەڵگەی نهێنی لە ماڵی ترەمپدا دۆزراونەتەوە

2022.08.28 - 09:47
App store icon Play store icon Play store icon
ئێف بی ئای: 184 بەڵگەی نهێنی لە ماڵی ترەمپدا دۆزراونەتەوە

ناس کورد-

نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵیی ئەمریکا (FBI) سەبارەت بە هەڵکوتانە سەر کۆشکی مار-ئا-لاگۆی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە فلۆریدا  ئاماژە بەوە دەکات کە لەو گەڕان و پشکنینەی کە پێشتر لەو شوێنەدا ئەنجامدراوە لە 14 کارتۆنی ئەو 15 کارتۆنەی کە دەستی بەسەدرا گیرابوو، دەستیان بەسەر 184 بەڵگەی نهێنیدا گرتووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵیی ئەمریکا بەشێک لەو بەیاننامەی فەرمییە 34 لاپەڕەییەی کە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی پشکنین سەبارەت بە هەڵکوتانە سەر کۆشکی مار-ئا-لاگۆی کە بۆ دادوەری ناردووە، بۆ رای گشتی بڵاوی کردەوە.

 

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لەو گەڕان و پشکنینەی کە لە مانگی ئایار لە ماڵی ترەمپ لە فلۆریدا ئەنجامدراوە، دەست بەسەر 15 کارتۆن بەڵگەدا گیراوە کە لەنێو 14 کارتۆنیدا کۆی گشتی 184 بەڵگەی نهێنی هەبووە.

 

جگە لەوە FBI راشیگەیاندووە کە ئەو بەڵگانەی لە ماڵەکەی ترەمپ-دا دەستی بەسەردا گیراوە "لەو ئاستەدایە سەرچاوەی مرۆیی هەواڵگری بخاتە مەترسییەوە".

 

وەزیری دادی ئەمریکا، مێریک گارلاند بۆ یەکەم جار سێ رۆژ دوای ئەو هەڵکوتانەی کە FBI لە 8ی ئاب بۆ سەر کۆشکی مار-ئا-لاگۆی ترەمپ لە فلۆریدا ئەنجامی دا، لێدوانی دا و ئاماژەی بەوە کرد کە خۆی فەرمانی پشکنینەکەی پەسەند کردووە و بۆ ئەوەی ئەو بابەتە کە مشتومڕی لێکەوتووەتەوە لای رای گشتی روون ببێتەوە داواکارییان پێشکەشی دادگای ناوچەی فلۆریدا کردووە کە نهێنی لەسەر فەرمانی پشکنین کە لەلایەن وەزارەتی دادەوە دەرکراوە و ئەو بابەتانەی کە دەستیان بەسەردا گیراوە، هەڵبگیرێت.

 

دوای ئەوەی ترەمپ رایگەیاندبوو کە لە دژی ئاشکراکردنی فەرمانی پشکنینەکە بۆ رای گشتی نەبووە، دادوەری فیدڕاڵی لە 12ی ئابدا فەرمانی پشکنین و کۆنووسی ئەو شتانەی دەستی بەسەردا گیراوە، بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە. بەڵام دامەزراوە میدیا بە نێوبانگەکانی ئەمریکا داواکارییەکیان پێشکەشی دادگای فیدڕاڵی کردبوو بۆ ئاشکراکردنی بەیاننامەی فەرمی کە تێیدا هۆکاری ناچاربوونی کارمەندانی FBI روون دەکاتەوە کە کۆشکی مار-ئا-لاگۆی ترەمپ لە فلۆریدا بپشکنن.

 

لەو راگەیەندراوەی کە لە 16ی ئاب لە وەزارەتی دادی ئەمریکاوە بڵاوکرایەوە هاتبوو: "ئاشکراکردنی بەیاننامەکە لەم قۆناغەدا لەلایەن حکوومەتەوە، ئەگەری هەیە رێگریی لە هاوکاری شایەتحاڵەکان بکات کە رەنگە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ئەم لێکۆڵینەوەیە و لێکۆڵینەوە باڵاکانی دیکەدا بانگهێشت بکرێن".

 

لای خۆیەوە دادوەری دادگای فیدڕاڵیی فلۆریدا، بروس راینهارت ئەوەی راگەیاندبوو کە دەتوانرێت بەشێک لە بەیاننامەی فەرمییەی بۆ رای گشتی بڵاو بکرێتەوە و داوای لە وەزارەتی داد کردبوو کە تاکو 25ی ئاب پاساوی زیاتر لەسەر ئەوەی کە ئاشکراکردنی بەیاننامەکە زیان بە رێرەوی لێکۆڵینەوەکە دەگەێنێت بخەنەڕوو و بە بەیاننامەی سوێندخواردنەکەدا بچنەوە.