گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’تیمەکەی ئاگایان لێی نەبووە’’

زاواکەی ترەمپ زانیاری نوێ لەبارەى کوشتنی قاسم سولەیمانی ئاشکرا دەکات

2022.08.28 - 09:16
App store icon Play store icon Play store icon
زاواکەی ترەمپ زانیاری نوێ لەبارەى کوشتنی قاسم سولەیمانی ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

جارێد کوشنەر، ڕاوێژکاری باڵای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا وردەکاری نوێی لەبارەی ساتەکانی پێش کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس لە سوپای پاسدارانی ئێران لە ساڵی 2020 ئاشکرا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو بابەتە بە "نهێنییەکی تەواوە" بەڕێوەچووە و تەنانەت ڕاوێژکارەکانیشی، بە کۆشنەر خۆشیەوە، نەیانزانیوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کوشنەر لە بیرەوەرییەکانیدا کە بەم دواییە بە ناو کتێبێکدا بەناوی “شکاندنی مێژوو” ڕوونیکردەوە، "لە 3ی کانونی دووەمی 2020، لەکاتێکدا سەرۆک لەگەڵ تیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی دانیشتبوو، رۆبەرت ئۆبراین، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی هاتە ژوورەکەوە".

 

دەشڵێت، "ئۆبراین وتی جەنابی سەرۆک کاتی هاتووە، ترەمپ یەکسەر هەستا و بەدوای ئۆبرایندا ڕۆشتە دەرەوە، پێش ئەوەی بچێتە دەرەوە، ڕووی لە ئێمە کرد و وتی "لێرە چاوەڕوان بن هاوڕێیان، دەگەڕێمەوە".

 

کوشنەر ئاماژەی بەوەشکردووە، تیمەکەی ترەمپ سەرقاڵی ڕێکخستنی هەڵمەتی بانگەشە بوون لە کاتی یارییەکی تۆپی پێدا کە ڕیکڵامەکەی دەگەیشتە 80%ی دەنگدەران.

 

کوشنەر وتی، "بە جەماعەتم وت بۆ ماوەیەک ناگەڕێتەوە"، ئەو دەشڵێت، چونکە "شەوی پێشتر سیناتۆر لیندسی گراهام پێی وتبووم کە ترەمپ پلانی ئەنجامدانی هەنگاوێکی هەیە کە یارییەکە دەگۆڕێت،" بەڵام جەختیکردەوە کە نەیزانیوە گراهام باسی چی دەکات.

 

زاواکەی ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "لە ماوەیەکی کورتتر لەوەی چاوەڕێم دەکرد، سەرۆک گەڕایەوە ژوورەکە، ترەمپ داوای تەواوکردنی ئەو ڕیکلامەی کرد بەبێ ئەوەی باس لە هۆکاری دەرچوونی لەناکاوی بکات لە ژووره‌كه.

 

کوشنەر ئاماژەی بەوەشکردووە، دان سکاڤینۆ، راوێژکاری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کاتێک تەماشایەکی تویتەری کردووە ڕایگەیاندووە: "وێنەی تەقینەوەیەک لە عێراق هەیە، خەڵک دەڵێن نزیکە لە فڕۆکەخانەیە"، هەرئەوکاتە ترەمپ داوای لێکردووە “لەنزیکەوە چاودێر بکات و ئەگەر شتێکی سەیر ڕوویداوە پێی بڵێت."

 

کوشنەر وتیشی، "دوای پێنج خولەک سکاڤینۆ وتی، سەرۆک پێویستە ئەمە ببینیت.. ڕۆژنامەنووسێکی ئێرانی تویتێکی بڵاوکردەوە کە وێنەی دەستێکی لەسەرە کە بە خۆڵەمێش داپۆشراوە و ئەنگوستیلەیەکی لە دەستدایە کە بەردێکی گەورەی سووری تێدایە، و لە تەنیشت ئەو وێنەیەوە، بۆ بەراوردکردن، وێنەیەکی قاسم سولەیمانی هەبووە کە هەمان ئەڵقەی لە دەستدا بووە."