گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هۆشدارییەک لە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراقیەوە

2022.08.24 - 19:40
App store icon Play store icon Play store icon
هۆشدارییەک لە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراقیەوە

ناس کورد-

هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری هۆشداری دەدەن کە "بەردەوامبوونی دۆخی ناهەمواری سیاسی کاریگەری خراپ دەکاتە سەر هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی ئارامی و سەلامەتی هاووڵاتیان".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە (24ی ئابی 2022) بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق میوانداری کۆبوونەوەیەکی کرد بە ئامادەبوونی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و لەبارەی گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ئەم دواییەی وڵات و لێکەوتەکانی گفتوگۆکرا.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوەی کۆبوونەوەکە، ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە جەختیانکردەوە کە بەردەوامبوونی دۆخی ناهەمواری سیاسی کاریگەری خراپ دەکاتە سەر هەوڵە نیشتمانییەکان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی ئارامی و سەلامەتی هاووڵاتیان، بۆیە پێویستە هەڵوێستێکی کارای جددی لە هەموو لایەنەکان بێتەئاراوە کە رێگری بکات لە پەرەسەندنی دۆخەکە، هاوکات جەختکرایەوە لەگرنگی ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتمانی وەک تاکە رێگە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان.

 

هەروەها دووپاتکرایەوە لەگرنگی دەستپێکردنی دیالۆگی راشکاوانەی بونیادنەرانە لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و پارێزگاریکرد لە ئاشتی کۆمەڵایەتی و دڵنیاکردنەوەی هاووڵاتیان و گرتنەبەری هەنگاوی چارەنووسساز بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەی ئێستا بەرۆکی وڵاتی گرتووو.

 

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەختکرایەوە لە پێویستی پاراستنی تەواوی دامەزراوەکانی دەوڵەت و پارێزگاریکردن لە سەروەری و سەربەخۆیی دەوڵەت لە چوارچێوەی یاسا و دەستوور.

 

ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە ئاماژەیان بەوەشدا خۆپیشاندانی ئاشتیانە و دەربڕینی بیروڕا مافێکی دەستووری پارێزراوە، بەڵام پێویستە پابەندی یاسا و رێساکان و پاراستنی ئاسایش و موڵک و ماڵی گشتی بن، هەروەک پێویستە مامەڵەکردن لەگەڵ داواکارییەکان لەچوارچێوەی یاسا و دەستوور بێت.

 

کۆبوونەوەکە جەختی لەوەشکردەوە ئەرکی هێزە ئەمنییەکانە بە تەواوی پێکهاتەکانییەوە پارێزگاری بکەن لە سەقامگیری وڵات و ئاسایش و موڵک و ماڵی گشتی، هەروەک پێویستە بەهەموو جۆرێک دوور کەونەوە لە دەستوەردان لە کێشە سیاسییەکان، چونکە هێزە ئەمنییەکان زامنی پاراستنی خەڵک و نیشتمانن، بۆیە ئەرکی سەرەکی دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکان پاراستنی ئاسایش و مافی عێراقییەکانە.

 

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوەکرا، کە بەردەوامبوونی قەیرانی سیاسی کاریگەری دەکاتە سەر رۆڵی عێراق لە ناوەندەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەروەها لەوانەیە کاریگەری بکاتە سەر لە کارخستنی هەماهەنگی و لێکتێگەیشتن و رێککەوتننامەکان لە بوارە جیاجیاکان، بەتایبەتی پێداویستی و بژێوی ژیان و خزمەتگوزاری هاووڵاتیان.

 

لە کۆتاییدا ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە جەختیانکردەوە لەپێویستی چرکردنەوەی هەوڵەکانی هەموو دەسەڵات و هێز و لایەنە سیاسی و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان بە ئاڕاستەی سازان و یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی قەیرانی ئێستا لە چوارچێوەی دەستوور و کاروانی دیموکراسی.

 

May be an image of 3 people, people sitting and people standing