ناس كورد-
سوپای ئەمریکا بە فەرمانی ڕاستەوخۆی بایدن، 11 پێگەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی لە ناوچەی دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سووریا کردووەتە ئامانج و پێش هێرشەکەش، 400 کاژێر چاودێریی ناوچەکەیان کردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا لە ڕاگەیەنراوێكدا (24ی ئابی 2022) گوتی، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە ئاسمانەوە چەندین بنکە و حەشارگەی گرووپەکانی نزیک لە سوپای پاسدارانیان لە سووریا کردووەتە ئامانج، ئەمەش هەفتەیەک لە دوای هێرشەکەی ئەو گرووپانە دێت بۆ سەر سەربازانی ئەمریکا لە گوندی سەوز لە نزیک سنووری عێراق.
کۆلۆنێل جۆ بوچیانۆ، گوتەبێژی فەرماندەی فەرماندەیی سوپای ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت کە ئامانج لەو هێرشانە پاراستنی سەربازانی ئەمریکا بووە لەو جۆرە هێرشانەی 15ی ئابی رابردوو کرابوون.
تاوەکو ئێستا زیانەکانی هێرشەکەی ئەمڕۆی سوپای ئەمریکا ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ئەو بەرپرسەی ئەمریکا رایگەیاندووە کە 11 بنکە و حەشارگە کراونەتە ئامانج و 400 کاژێریش چاودێریی ئەو ناوچانە کراون پێش ئەنجامدانی هێرشە ئاسمانییەکان.
گوتەبێژی فەرماندەی فەرماندەیی سوپای ئەمریکا دەشڵێت، لە هێرشەکەی ئەمڕۆدا ئەو حەشارگە و کۆگایانە کراونەتە ئامانج کە ئەو گرووپە چەکدارانە چەک و تەقەمەنییان تێدا شاردوونەتەوە.
ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە سووریا هەیە کە ژمارەیەکیان لە بنکەی سەربازیی تەنەفە و هەروەها ژمارەیەکیشیان لە نزیک کێڵگەکانی نەوت لە رۆژئاوای کوردستان جێگیر کراون.
لە 15ی ئاب و لەڕێگەی درۆنەوە هێرشکرایە سەر سەربازانی ئەمریکی لە گوندی سەوز و ئەوکاتیش هاوپەیمانانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش رایگەیاند، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.