ناس کورد-
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی قەرزەکانی حکومەت لای هاووڵاتیان چەند بڕیارێکی دەرکرد و دەڵێت، بڕیارەکان لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانە بۆ ئاسانکاری بۆ دانەوەی قەرزەکانیان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم (شەممە 20-8-2022) ڕایگەیاند، "وەکو هەولێک بۆ ئاسانکاری لە دانەوەی قەرزەکانی هاووڵاتییان لە پێشینەکانی خانووبەرە، سندوقی نیشتەجێبوون، هاوسەرگیری، قەرزی بچووك، کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان داشکاندنی ١٥%ی بۆ تەواوی ئەو قەرزانە و لێخۆشبوونی تەواو بۆ سزاکانی دانەوەی پێشینەکانی دەکرێت."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە داشکاندنی رێژەی ١٥% بۆ پابەندە داراییەکان بەردەوام دەبێت لە بواری شارەوانییەکان و گەشتوگوزار و ئاودا."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "هەروەها سزای دارایی دواکەوتنی قەرزی پارەی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەڵدەگیرێت، ئەگەر خاوەنکار پارەی کەڵەکەبووی بەشداربووان بە یەکجار و بەشێوەی نەختی بدات."
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، "لە هەمان کاتدا لێخۆشبوونی تەواوی سزای دواکەوتن و سوود لەسەر باج و رەسمی کەڵەکەبووەکان وەرناگیرێت، بەمەرجێک ئەو هاووڵاتییە تەواوی باج و رەسمی کەڵەکەبووەکە بداتەوە، ئەو داشکاندنە تاوە ٢٠ی ئەیلولی ئەمساڵ دەبێت."