ناس کورد-
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەبارەی دۆخی نەخۆشێکی دەروونی کە گوایە لەنەخۆشخانە دەرکراوەتە دەرەوە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، " لە دوای بەدواداچوونمان بۆ ئەم بابەتە نەخۆشخانەی شار پێیان ڕاگەیاندین کە ناکرێت ئەم هاووڵاتییە لە نەخۆشخانە بهێڵرێتەوە، چونکە لە دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست دەبێت یان کەسوکاری بێن بیبەنەوە ماڵیان یان لە خانەی بەساڵاچوان دابنرێت."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دەقی ڕوونکردنەوەکە:
دەستەی مافی مرۆڤ بەدوا داچون بە دۆخی مرۆیی نەخۆشێکی دەروونی دەکات کە گوایە لەنەخۆشخانە دەرکراوەتە دەرەوە .
لە دوای بڵاوبوونەوەی ڕیپۆرتاجێک لە کەناڵیکی ڕاگەیاندن لە 2022/8/19 دەربارەی دەرکردنی هاووڵاتیەکی بەساڵاچوی بە ڕەگەز عەرەب لە نەخۆشخانەی (شار) لە سلێمانی، نووسینگەی مافی مرۆڤ لە سلێمانی ڕاسپێردراو دەستی بە بەدواداچوون و چاودێری کرد بۆ دۆخی مرۆیی ئەو کەسە و گەیشتینە چەند ئەنجامێک:
١ - ئەو کەسە بە ڕەگەز عەرەبە و خەڵکی پارێزگای ئەنبارە، بە وتەی بەرپرسانی نەخۆشخانەی شار ڕۆژی 18ی ئاب پۆلیسی سلێمانی لە گەڕەکی (چوارچرا)وە هێناویانە بۆ نەخۆشخانەکە و پۆلیس وتوویانە لە لایەن کەسوکاریەوە فڕێدراوە و باری دەروونی ناجێگیرە و قسە ناکات و هیچ ناسنامەیەکی پێ نییە.
٢ - بە ووتەی ئیدارەی نەخۆشخانە و لێپرسراوی ڕیسێپشنی نەخۆشخانەی شار ئەو هاوڵاتیە فڕێ نەدراوەتە دەرەوەی نەخۆشخانەکە وەک ئەو کەناڵە باسی کردووە، بەڵکو هێنراوەتە بەردەم نەخۆشخانە و یەکسەر فریاگوزاری تەندروستی بۆ کراوە و خواردنی پێدراوە و خراوەتە ژێر چاودێری چڕی تەندروستیەوە و دۆخی بەرەو باشترە.
٣ - لە دوای بەدواداچوونی زیاترمان بۆ ئەم بابەتە پێیان ڕاگەیاندین کە ناکرێت ئەم هاوڵاتیە لە نەخۆشخانە بهێڵرێتەوە چونکە لە دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست دەبێت یان کەسوکاری بێن بیبەنەوە ماڵیان یان لە خانەی بەساڵاچوان دابنرێت.
٤ - ئێمە بەدواداچوونمان بەردەوامە و لە دوای پەیوەندی کردنمان بە بەرپرسی کارگێڕی نەخۆشخانەوە نوێنەری نووسینگەمان ناردووە بۆ سەردانی نەخۆشەکە و وەرگرتنی زانیاری زیاتر ، بۆ ئەو مەبەستەئەمڕۆ شەممە بە نوێنەرایەتی نووسینگەی سلێمانی بەڕێز (مصطفی محمود) فەرمانبەر لە هۆبەی یاساو سکاڵا سەردانی نەخۆشخانەی شاری کرد بە مەبەستی بەدواداچونی زیاتر بۆ زانینی دوا بارودۆخی ئەو نەخۆشە کە ناوی (عاید عبد الگزاز اللامي)یە و لە نزیکەوە خۆی قسەی لەگەڵدا کردووە و وتوویەتی هیچ کەسێکی نیە. هەروەهە لەگەڵ بەرپرسانی نەخۆشخانە قسەی کردووە و پێیان ڕاگەیاندووە کە ئەم کەسە گرفتی دەروونی هەیە و بێلانە و بێ کەسە و لەژێر چاودێری پزیشکیە و چارەسەر وەردەگرێت، لە ئێستادا قسەمان لەگەڵ بەڕێوەبەری خانەی بەساڵاچوانی سلێمانی کردووە بۆ ئەوەی کاتێک دۆخی تەندروستی باش بێت هەوڵبدرێت لەوێ ودابنرێت و چاودێری بکرێت.
بۆیە لەئێستادا ناوبراو لەژێر چاودێری تەندروستی دایەو هەرکاتێک باشتربو دەبرێتە خانەی بەساڵاچوان.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ
٢٠/٨/٢٠٢٢