ناس کورد-
بەختیار کاوانی، لێپرسراوی ئیدارەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر دوای تێپەڕبوونی 11 رۆژ بەسەر رووداوی تەقەکردن لێی، ڕایگەیاند، ئەژی ئەمین کە خۆی بە بەرپرسی دەزگای زانیاری دەزانێت، بۆ لێکۆڵینەوە سەردانیی نەکردووە، بەڵکو وەک کەسایەتییەک سەردانی کردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
11 ڕۆژ لەمەوبەر،بەختیار کاوانی، لێپرسراوی ئیدارەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەوڵێکی کوشتن رزگاری بوو کاتێک لە کلکە سماق تەقە لە ئۆتۆمبێلەکەی کرا.
یەکێک لەوانەی دوای رووداوەکە سەردانی بەختیار کاوانی کرد، ئەژی ئەمین بوو، کە خۆی بە بەرپرسی دەزگای زانیاریی یەکێتی دەناسێنێت، بەڵام بەوتەی بافڵ تاڵەبانی، ئەژی ئەمین چووەتە نێو پارتی و وەک بەرپرسی دەزگای زانیاریی یەکێتیش دوورخراوەتەوە.
لەوبارەیەوە بەختیار کاوانی (سێشەممە 16-8-2022) بە ڕووداوی وت، "ئەژی ئەمین پیاوێکە بە سەردانێکی ئاسایی هاتبوو، بۆ لێکۆڵینەوە نەهاتبوو، خۆی و براکانی و کەسوکاری هاتوون، ئەو خۆی بە بەرپرسی دەزگای زانیاری دەزانێت کە هاتووەتە لای ئێمەش قسەی زۆر باش و گونجاو و لۆژیکی کرد، بۆیە هاتنی ئەو شتێکی نامۆ نەبوو، ئێمە بەرپرسی حیزبەکان و وەزیری پارتی و بەرپرسانی گۆڕان و لایەنەکانی دیکەش سەردانیان کردووین، ئێمە عەشائیرین و ئەو شوێنەی ئەژی هاتووە ماڵی باوکم بووە و هەر کەس بێت لەسەر سەرمانی دادەنێین".
زیاتر بخوێنەرەوە؛ بەرپرسێکی یەکێتی لەبارەی چوونی بۆناو پارتی ڕوونکردنەوە دەدات
سەبارەت بە هەڵوێستی بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی رووداوەکە، بەختیار کاوانی ئاماژەی بەوەکردووە، "د. بەرهەم و د.رێواس و کاک قوباد و هەموو سەرکردایەتیی یەکێتی بەبێ هیچ لێدەرکردنێک هەموویان جارێک و دوو جاریش پەیوەندییان کردووە."