ناس کورد-
ئەندامێکى لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، تاقیكردنەوەی پلەی سەرپەرشتیارانی پەروەردە چوار کەموکوڕیی هەبووە و پێویستە چارەسەر بکرێن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هەلز ئەحمەد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوو و ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە یاداشتێكدا بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەى بەوەکردووە، لەم پڕۆسەیەدا چەندین گرفت و كەموكوڕی هەبوو، كە بەشێكی گرفتەكان ناڕەزایەتی بەشداربووانی تاقیكردنەوەكەی لێكەوتووتەوە کە بریتین لە:
- خزمەتگوزاری لە شوێنی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكە باش نەبووە، بۆ نمونە هۆكارەكانی فێنكەرەوە و شوێنی دانیشتنی كاندیدەكانی پلەی سەرپەرشتیاری و ئاوی خواردنەوە وەك پێویست دابین نەكرابوو لە هۆڵی تاقیكردنەدا.
- كاتی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكە گونجاو نەبووە، وەك ئاشكرایە كە تاقیكردنەوەكە مەركەزی بووە و دەبوو مامۆستایانی سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كە بەشداربوون لە تاقیكردنەوەكە لە شاری هەولێر ئامادەبن، هەروەها تاقیكردنەوە لە كاتژمێر (10)ی بەیانی دەستی پێكردبوو، كە بەشداربووان بەشێكیان لە ڕێگەی دوورەوە هاتبوون ویەكسەر براون بۆ هۆڵێكی گەرم و قەرەباڵغ بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوە، هەروەها لە كاتێكی درەنگ پرسیار دابەشكراوە، ئەوەش بووتە هۆكار كە كات بەشی ئەو مامۆستایانە نەكات تا بە وردی پرسیارەكان بخوێننەوە و وڵامەكانیان لە كەشێكی هێمن دەستنیشان بكەن.
- سەبارەت بە تێبینیەكان لەسەر شێوازی پرسیارەكانی تاقیكردنەوەكە، بە شێوەیەكی گشتی پرسیارەكان قورس بوون لەبەر ئەو هۆكارەش بووە كە ڕێژەی دەرچوون لە تاقیكردنەوەكە زۆر كەم كە كۆی گشتی نەگەیشتووتە (15%) چونكە شێوازی پرسیارەكان تا رادەیەك لەسەر بنەمای (قیاس و تقویم) دانەنرابوو و دانانی تایتڵی وەڵامی (ڕاست و ڕاسترین هەڵبژێرە ) بۆ پرسیارەكان بەشداربووانی تووشی دڵەڕاوكێ و دوودڵی كردووە لەكاتی وڵامدانەوەدا، هەروەها هەندێك پرسیار وڵامە ڕاستەكانیان ئەو وڵامانە نەبوونە كە لیژنەی باڵای تاقیكردنەوەكان بڵاویكردوەتەوە .
- بەپێی مەرج وپێوەرەكان كە پێشوتر راگەیەندرابوون، پێویست بوو بەشداربووی تاقیكردنەوەكە بۆ دەرچوون كۆنمرەی (60%) زیاتر بەدەست بهێنێت تا بەسەركەوتوو هەژمار بكرێت و بچێتە قۆناغی دواتری تاقیكردنەوەكان، كە ئەو رێنماییە لەسەر لای چەپی پرسیارەكانیش نوسرابوون. بەڵام لە ناكاوێكدا دوای كۆتایی هاتنی تاقیكردنەوەكە و لە هەمان ڕۆژدا ئەنجامەكانی تاقیكردنەوەكە راگەیەندرا و ئەو بەشداربووانەی كە كۆنمرەیان (50%) تا (58%)یش بوو بە دەرچوو هەژماركران!!! ئەوەش نیگەرانی و ناڕەزایەتی ئەو مامۆستایانەی لێكەوتەوە كە كۆنمرەی (60%) و زیاتریان بەدەستهێنابوو لە تاقیكردنەوەكەدا، چونكە ئەو بڕیارە پێچەوانەی ڕێنمایی و مەرج وپێوەرەكانی پێشتری وەزارەتی پەروەردە بوو.
چارەسەرەکان:
- هەڵوەشاندنەوەی پێدانی ئۆڤەری (10) نمرە كە وەزیری پەروەردە بێ گەرانەوە بۆ رێنماییەكان بە بەشێك لە بەشداربووەكانی داوە، وەكا پەرلەمانتارەكە دەڵێت: بە پێدانی ئەو 10 نمرەیە مافی كۆمەڵێك مامۆستا دەخورێت كە بەهۆی ئەو بڕیارەوە سەدان مامۆستا بەربەستی یەكەم دەبڕن كە تاقیكردنەوەكەیە و، دەچنە كێبڕكێ لە قۆناغی دووەم، كە ئەویش تاقیكردنەوەی دووەمە.
- پەرلەمانتارەكەی یەكگرتوو داوا دەكات تاقیكردنەوەی گەڕی دووەم ئەنجامبدرێت بۆ ئەو بەشداربووانەی كە كۆنمریان لە نێوان (40% تا 58%)یە، ئەوەش لە پێناو ئەوەی زۆرترین كاندید مافی بەشداریكردنیان هەبێت بۆ پڕكردنەوەی ئەو ژمارەی، كە بۆ پلەی سەرپەرشتیاری ڕاگەیەندراوە.
- پێویستە ئامادەكاری لوجستی باشتر بكرێت بۆ تاقیكردنەوەكانی تر، كە لە دوای ئەو تاقیكردنەوەیە دێت و خزمەتگوزاریەكان لە ئاست مامۆستایانی كاندید بن بۆ پلەی سەرپەرشتیاری.
- بەدواداچون بكرێت بۆ ئەنجامەكانی تاقیكردنەوەكەی ئەمجارە و هۆكاری دەرنەچوونی رێژەیەكی زۆر لە بەشداربووەكانی تاقیكردنەوەكە دیاری بكرێت چونكە هەموویان خاوەن خزمەت وشارەزایەكی باشن لە بواری پەروەردە و فێركردن .
- پێویستە وەك جارانی پێشوتر ، بە لیستێك ناوی سەرجەم بەشداربووانی تاقیكردنەوەی پلەی سەرپەرشتیاری بڵاوبكرێتەوە، كە كۆنمرەی سەرجەم بەشداربووانی تێدا بێت لە پێناو شەفاف بوونی پڕۆسەكە و دادپەروەری و هەروەها بۆ ئەوەی تا هەر كاندیدێك كۆ نمرەی ركابەرەكانیان بزانن كە چەند نمرە لە نێوانیان هەیە.