گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

ئامارەکانی بازرگانیی سێکسیی لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا کران

2022.08.14 - 17:45
App store icon Play store icon Play store icon
ئامارەکانی بازرگانیی سێکسیی لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا کران

ناس کورد- 

لە ڕاگەیەنراوێکدا فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە کەمبوونەوەدان، دەشڵێت، لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا نۆ حاڵەتی بازرگانی سێکسی و 33 حاڵەتی بارزگانیکردن بە ئەندامانی جەستەش تۆمارکراون.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە: 

 

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کە ساڵی ٢٠١٨ى زایینى دامه‌زراوه‌ شەش نووسینگە لە خۆی دەگرێت، کە بە پێی شوێنی جوگرافی بە سەر پارێزگا و ئیدارەکان دابەش کراون بە ناوەکانی نووسینگەی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هه‌ڵه‌بجه، ڕاپەڕین، گەرمیان).

 

لە کابینەی نۆیه‌می حكومه‌تی هەرێمی کوردستان ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییە لە دوای فراوانبوونی کارەکانی بە فەرمانی وزاری ژمارە ١٦٤٤٥ لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢١ ناوەکەی گۆڕدرا بۆ "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان" هەروەها بە فەرمانی ژمارە ٥٥١٨ لە ٢ی ئاداری ٢٠٢٢ پەیکەری نوێی پەسەند کرا بە زیادکردنی دوو بەش لە بارەگای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ناوبراو بە ناوەکانی (بەشی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بەمرۆڤ و بەشی لێکۆڵینەوە لە سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر) و دروستکردنی دوو نووسینگەی نوێ لە ئیدارەکانی (سۆران و زاخۆ) بۆ مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێكخراوەکان.

 

ئەم بەڕێوەبەرایەتییە، بەردەوام کارى لەسەر کۆمپانیا و پارێزەر و هاووڵاتییانى بیانى و ناوخۆیی کردووە کە ڕووبەڕووى کێشەى مرۆیی بوونەتەوە و وەک ئامارى خۆیان دەریدەخات کە تا ئێستا ٣٥٤ کۆمپانیا بەدواداچوونیان بۆ کراوە کە ١٢ـیان دراونەتە دادگا. لە پارێزەرانیش ٣٧ کەس بەدواداچوونیان بۆ کراوە و دووانیان دراونەتە دادگا و لە هاووڵاتییانى بیانیش ١٤٩٨ کەس چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجام دراوە کە لەم ژمارەیە ١٠٨ کەسیان قوربانیی بازرگانیکردن بوون بە مرۆڤ و ١٧ـیان ڕەوانەى داڵدە کراون و ١٧ـى تریشیان گەڕێنراونەتەوە وڵاتى خۆیان و ٤ هاووڵاتیى بیانیش دیپۆرت کراونەتەوە.

 

لە بەڕێوەبەرایەتییەکەدا چەندین جۆر تاوان ناسێنراون و بە بەردەوامى کار و بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت کە دەچنە خانەى تاوانى بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە کە ژمارەیەک کەیس و ئاماریش لەو چوارچێوەیەدا و لەماوەى ئەم سێ ساڵە تۆمار کراون کە بریتین لە:

 

ـ کارکردن بە زۆرە ملێ (سوخرە): ١٧ حاڵەت

ـ بازرگانی سێکسی: ٩ حاڵەت

ـ بازرگانی بە ئەندامانی لەشی مرۆڤ: ٣٣ حاڵەت

ـ بازرگانی بە منداڵ: ١ حاڵەت

ـ بازرگانی بە ئەوانەی تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمترە: ١١ حاڵەت

ـ کاری بە قاچاغ بردن: ٧ حاڵەت

ـ بەکارهێنانیان وەك سواڵکەر: ١٠ حاڵەت