گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەكگرتوو: هەر دواخستنێکی هەڵبژاردن بەشێکە لە پیلانی بەردەوامی دۆخەکە

2022.08.10 - 09:40
App store icon Play store icon Play store icon
یەكگرتوو: هەر دواخستنێکی هەڵبژاردن بەشێکە لە پیلانی بەردەوامی دۆخەکە

ناس کورد-

ئەمڕۆ لە سەرۆکایەتی هەرێم و بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی، لایەنەکانی هەرێم لەسەر پرسی هەڵبژاردن و دۆخی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە، لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ئامادەی دەبێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەبارەى ئەو کۆبوونەوەیە لە تویتەری خۆی (10ی ئابی 2022) ڕایگەیاند، "بەشداردەبم لەکۆبونەوەی سەرکردەی لایەنە سیاسیەکان و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ تاوتوێی پرسی هەڵبژاردن وەک ئەرکێکی نیشتمانی."

 

دەشڵێت، "چونکە هەڵبژاردن تەنیا ڕێگەی گۆڕانکاریە بۆ ئەم دۆخە ناهەموارەی هەرێم و هەردواخستنێکی هەڵبژاردن بەشێکە لەپیلانی بەردەوامی دۆخەکە."

 

هاوکات میدیای فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای کرد، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی ئەو حزبە بەشداری کۆبوونەوەکە دەکات کە تایبەتە بە دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

 

کۆبوونەوەکە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ لە سەرۆکایەتی ھەرێم دەستپێدەکات و لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دیاریکردنی رۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و چارەسەرکردنی گرفتی بەردەم ھەڵبژاردنەکە دەکرێت.

 

پێشتریش دڵشاد شەھاب، ڕاوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاندبوو، کۆبوونەوەکەی سەرۆکایەتی ھەرێم بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی یەکەمی حزبەکان و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەڕێوەدەچێت.

 

دڵشاد شەھاب ئەوەشی ڕوونکردەووە، بۆ دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردن پێویستی بە کۆدەنگی ھەموو لایەک ھەیە، ھەروەک پێش ئەوە پێویستە تاوتوێی میکانیزمەکانی ھەڵبژاردن بکرێت و ئاستەنگەکانی بەردەمی لاببرێت.

 

پێشتر و لە رۆژانی 26ی ئایار و 9ی حوزەیرانی ئەمساڵ، لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم لەسەرۆکایەتی ھەرێم بۆ بڕیاردان لەسەر رۆژی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە، بەڵام ھەردوو کۆبوونەوەکە بێ ئەنجام بوون.