کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح
ئەمساڵ 4 هەزار و 867 هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی ئەنجامدانی فەریزەی حەج ڕوو لە وڵاتی سعودیە دەکەن، ئەو ژمارەیەش بە بەروارد بە ساڵی ڕابردوو کەمی کردووە.
نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی هەرێمی كوردستان بۆ ناس كورد-ی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لە ساڵی 2017 تیروپشككراوە بۆ 86 هەزار هاوڵاتی هەرێمی كوردستان كە مەبەستیان بووە فەریزەی حەج ئەنجام بدەن، لەو تیروپشکەدا 6 هەزار هاوڵاتی ناویان دەرچوو، ساڵی 2018 ژمارەکان بە هەمان شێوەبوو، "بەڵام بۆ ئەمساڵ ژمارەی ئەو کەسانەی دەچن بۆ فەریزەی حەج 4 هەزار و 867 هاوڵاتین".
وەزارەتی ئەوقاف ئامادەكارییەكانی ئەنجامدانی ئەو فەریزەیە لەمساڵدا تەواوكردووە، کە خۆی لە دابینكردنی شوێنی حاجیان و ئامادەكارییە پزیشكییەكان دەبێنێتەوە.
سەبارت بە نرخی حەجكردنی ئەمساڵ نەبەز ئیسماعیل ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە نرخەکە هاوشێوەی ساڵی ڕابردووە و پێشبینی دەكرێت 4 هەزار و 500 دۆلار تێپەر نەكات،" نرخی گەشتی حەجكردن لە هەموو عێراق بەهەمان شێوەیە چونكە دەستەی حەج و عەمرەی عێراق دیاری دەكات".
سەبارت بە حەجی گەشتیاری کە بە پارەی تایبەت ئەنجامدەدرێت و پارەکەی دوو هێندەیە، نەبەز ئیسماعیل ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەو جۆرە لەو پشکە تەرخاندەکرێت کە وڵاتی سعودییە بۆ هەرێمی كوردستانی زیادە دەكات و پێشبینی دەكرێت ئەمساڵیش وەك ساڵی ڕابردوو هەزار پشک بۆ هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت."