گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’کێشە بۆ مووچە دروست دەکات’’

’’ڕێککەوتنێکی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی ئاشکرا دەکرێت’’

2022.08.09 - 12:20
App store icon Play store icon Play store icon
’’ڕێککەوتنێکی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی ئاشکرا دەکرێت’’

ناس کورد- 

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، دانانی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی هاتوچۆ بە ڕێککەوتنی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی کراوە و دەشڵێت، ئەو پڕۆژەیە کێشەی زیاتر بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست دەکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا کە "ناس کورد" بینیویەتی (سێشەممە 9-8-2022) ڕایگەیاند، "ئەو کامێرایانەی بڕیارە لە هەموو کوردستان دابنرێت، لە سەرەتادا لە سلێمانی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەبێتە بارگرانییەکی زۆر بۆسەر خەڵک، چونکە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ جێبەجێدەکرێت تێیدا. 

 

ئەگەر پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت، کامێراکان لەلایەن کۆمپانیایەکەوە دادەنرێن و بەشێکی پارەی سەرپێچییەکان بۆ کۆمپانیاکە دەبێت، کامێراکان سەرجەمیان پێکەوە بەستراون، بەجۆرێک ئەگەر ماوەی نێوان دوو کامێرا بە خێرایی یاسایی 10 خولەک بێت، بەڵام شۆفێرێک بە 9 خولەک بیبڕێت، ئەوا کامێراکە دەیگرێت و سزا دەدرێت.   

 

عەلی حەمەساڵح دەڵێت، "تێبینیمان هەیە لەسەر شێوازی دانانی کامێراکان، بەگوێرەی گرێبەستێک کە وەزارەتی ناوخۆ کردوویەتی کۆمپانیاکە 225 کامێرا دادەنرێت و لە سەرەتادا تاوەکو کۆمپانیاکە پارەکەی خۆی دەردەکاتەوە ڕێژەی 70%ی پارەی سزا بۆ کۆمپانیاکە دەبێت." 

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "تێکڕا ئەگەر هەر ئۆتۆمبێلێک یەک جار لە کامێرا بدات، مانگانە 36 ملیار دەکات و تاوەکو پارەکەشی دەردەکاتەوە 70%ی ئەو پارەیە بۆ کۆمپانیاکەیە." 

 

بەوتەی عەلی حەمەساڵح، ئەگەر بە نمونە مانگانە داهاتی ئەو کامێرایانە 20 ملیار بێت، 14 ملیاری بۆ کۆمپانیاکەیە، کۆمپانیاکە ناشوەستێت تاوەکو خەڵک پارەی کامێراکە دەدات، بەڵکو حکومەت لە داهاتی خۆی پارەی کۆمپانیاکە دەدات، دواتر خوا دەزانێت کەی پارەکە لە خەڵک وەردەگرێتەوە، واتە ئەوکات مووچەی سلێمانی خراپتر دەبێت، چونکە پارەی مووچە ئیتر دەدرێت بەو کۆمپانیایەش. 

 

باسی لەوەشکرد، تەنها لە سلێمانی نییە، مانگی داهاتوو لەو هەولێریش ئەو کامێرایانە دادەنرێت و ئامانج لێشی کۆکردنەوەی پارەیە، نەک کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ. 

 

عەلی حەمەساڵح، ماوەیەکی زۆرە فشار دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو پڕۆژەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا پڕۆژەکە بەردەوامە. 

 

لەوبارەیەوە دەڵێت، "بە ڕوونی و ڕاستگۆیی دەڵێم، ئەم پڕۆژەیە بە ڕێککەوتنی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی کراوە، بۆیە تائێستا بەردەوامە، لەکاتێکدا ئەو کارە نایاساییە، چونکە سزا بە یاسا وەردەگیرێت، نەک بە رێککەوتن."