گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

هاتوچۆ لەبارەی دانانی کامێرا نوێیەکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی ڕوونکردنەوە دەدات

2022.08.08 - 16:31
App store icon Play store icon Play store icon
هاتوچۆ لەبارەی دانانی کامێرا نوێیەکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی ڕوونکردنەوە دەدات

ناس کورد- 

هاتوچۆی سلێمانی ڕەتیدەکاتەوە، پڕۆژەی دانانی کامێرا جێگیرەکانی هاتوچۆ چووبێتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەڵێت، تائێستا هیچ شتێکی نوێ ڕووینەداوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ماوەیەکە دەنگۆی دانانی ژمارەیەک کامێرای تۆمارکردنی تیژڕەوی هاتوچۆ لە شەقامەکانی هەرێم و لە دەستپێکیشدا لە سلێمانی بووەتە باس و خواسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چەند پەرلەمانتارێکیش دڵێن، ئەگەر ئەو کامێرایانە دابنرێن، مانگانە شۆفێران سزایەکی زۆر دەدرێن. 

 

هەر ئەمڕۆ زانا عەبدولڕەحمان، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لە فەیسبوکی خۆی بڵاویکردەوە، "سلێمانی بەتەواوی لە دەست حكومەت و یەكێتیش دەرچووە كەوتووەتە دەست كۆمەڵێك دەڵاڵی سیاسی و بازرگانی چاوچنۆك 

لە هەموو لایەكەوە خەریكی تاڵانین، ئەمرۆ كامێرایی هاتوچۆشیان سەپاند." 

 

لەوبارەیەوە بەختیار محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی ڕەتیکردەوە، هیچ بەرەوپێشچوونێک لەو پڕۆژەیەدا ڕوویدابێت و بە "ناس کورد"ی وت، "هیچ شتێک نازانم و هیچ شتێکیش ڕووینەداوە، من لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆم هیچم نەبیستووە، نازانم هەندێک کەس ئەو زانیارییانە لەکوێوە دێنن." 

 

وتیشی، "ئەو پڕۆژەیە هەروا بە هەڕەمەکی ناکرێت و کارمەند و هۆبەی تایبەت بەخۆی و چەندین کاری دەوێت." 

 

ئەگەر پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت، کامێراکان لەلایەن کۆمپانیایەکەوە دادەنرێن و بەشێکی پارەی سەرپێچییەکان بۆ کۆمپانیاکە دەبێت، کامێراکان سەرجەمیان پێکەوە بەستراون، بەجۆرێک ئەگەر ماوەی نێوان دوو کامێرا بە خێرایی یاسایی 10 خولەک بێت، بەڵام شۆفێرێک بە 9 خولەک بیبڕێت، ئەوا کامێراکە دەیگرێت و سزا دەدرێت. 

 

لیوا عەبدولقادر عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی هەرێم لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا (یەکشەممە 7-8-2022) ڕایگەیاند، " ئەوەی لەسەر سیستمی نوێی کامێرای تایبەت بە تۆمارکردنی تیژڕەوی باسدەكرێت گوایە شۆفێران سزایەکی زۆریان بۆ دێتەوە و دەبێت مانگانە پارەیەکی زۆر بدەن هیچ بنەمایەکی نییە."   

  

وتیشی، "هەر شۆفێرێك پابەندی ڕێنماییەكانی هاتوچۆ بێت و لە خێرایی دیاریکراو لانەدات یەك دینار ناداتە حكومەت."   

  

بەڕێوەبەری گشتیی هاتوچۆی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، " سەرەتای جێبەجێكردنی سیستمەكە لە سلێمانی دەبێت، پێش جێبەجێكردنیشی ڕێنمایی نوێ دەردەكرێت و شۆفێران ئاگاداردەكرێنەوە."