گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

حکومەتی هەرێم لەبارەی زیادکردنی باج لەسەر هاووڵاتیان ڕوونکردنەوە دەدات

2022.08.05 - 17:11
App store icon Play store icon Play store icon
حکومەتی هەرێم لەبارەی زیادکردنی باج لەسەر هاووڵاتیان ڕوونکردنەوە دەدات

ناس کورد-

 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەرەتای دەستبەکاربوونیەوە هەنگاوی جدی بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە سەرجەم سێکتەرەکاندا هەڵگرتووە و تاوەکو ئێستاش کاری زۆر باشی لەو بوارەدا کردووە، بەوهۆیەشەوە داهاتی باج و گومرگ زیادی کردووە، هاوکات ڕەتیشی دەکاتەوە باج لەسەر هاووڵاتیان زیاد کرابێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم (هەینی 5-8-2022) ڕایگەیاند، "بەپێی داتاکان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، داهاتی گومرگ چەند بەرامبەر زیادیکردووە، بەشێوەیەک لە ساڵی 2016 داهاتی گومرگ 0.563 تریلیۆن دینار بووە، لە ساڵی 2017 بووە بە 0.746 تریلیۆن دینار و لە ساڵی 2018 زیادی کردووە بۆ 0.956 تریلیۆن دینار و لە ساڵی 2019 بڕەکە بووە بە 1.566 تریلیۆن دینار و لە ساڵی 2020 بڕەکە بووە بە 1.408 تریلیۆن دینار." 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، " لە ساڵی 2021 بۆ 1.691 تریلیۆن دینار زیادی کردووە و لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022یش داهاتی گومرگی هەرێمی کوردستان 0.848 تریلیۆن دینار بووە."

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هۆکارەکانی زیاد بوونی داهاتی گومرکی بریتین لەمانە: 

 

  • ئازادکردنی کاری بازرگانی و تڕانزێت.
  • نەهێشتنی قۆرخکاری.
  • بەئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی گومرگ لە دەروازە و فڕۆکەخانەکان.
  • کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری گومرگ.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەشکردووە، "سەبارەت بە زیادبوونی داهاتی باجیش کە هیچ گۆڕانکاریەک لە بڕەکەی دا نەکراوە، بەڵام لە ساڵانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی باج بەشێوەیەکی بەرچاو زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە ئەوەش بەهۆی رێکخستنەوەی باج و پابەند کردنی کۆمپانیا گەورەکان بە پێدانی باج." 

 

ئەوەش هاتووە، بەپێی ئامارێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2016 دا داهاتی باج 179 ملیار دینار بووە، لە ساڵی 2017 دا ئەو بڕە بۆ 206.6 ملیار دینار و لە ساڵی 2018 بۆ 308.5 ملیار دینار و لە ساڵی 2019 دا بۆ 627.4 ملیار دینار زیادی کردووە، بەڵام لە ساڵی 2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بڕەکەی بۆ 578 ملیار دینار کەمبووەتەوە و لە ساڵی 2021 یشدا بووە بە 796.2 ملیار دینار و تەنیا لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022 یش 418.8 ملیار دینار داهاتی باج لە هەرێمی کوردستان کۆکراوەتەوە.

 

باسی لەوەشکردووە، زیادبوونی داهاتی باج بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێنێتەوە لەوانەش:

 

  • هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونە نایاساییەکان.
  • میکانیزمی نوێ بۆ رێگری کردن لە پێدانی باج.
  • دەرکردنی رێنمایی و دیاریکردنی سزا.
  • جێبەجێکردنی یاسای باج وەك خۆی.