ناس کورد-
سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی هەرێمی کوردستان وەڵامی وەزیری پەروەردە دەداتەوە کە وتبووی، بەشێک لە پزیشکان ئاسانکاری بۆ قوتابیان دەکەن بۆ ئەنجامدانی گزیکردن، ئەوەش بە دانانی بیستۆک لەنێو گوێچکەدا بەڕێگەی نەشتەرگەری.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەندیکای کارمەندانی تەندروستی لە ڕاگەیەنراوێکدا داوا لە وەزیری پەروەردە دەکات، " پۆزش و داوای لێبوردن لەم توێژە سەربەرزە بکە یاخود کەسی ئەنجامدەرەکە دەستنیشان بکە کە باست کردووە،
ئەگەر نا پێداگری دەکەین لەبەردەم دادگاکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو یاسا یەکلایی بکاتەوە."
دەقی ڕاگەیەنراوەکە:
روون کردنەوەیەک بۆ بەڕێز وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم
بۆ بەڕێز/ (ئالان حەمەسەعید ساڵح) وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
لە میدیاکانەوە گوێبیستی بابەتی گزیکردن بوین لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی،
ئەوەی چاوەڕوان نەکراو بوو لە کەسێک کە پلەی وەزیر بێت و بەتایبەت وەزیری پەروەردە بێت و بەبێ بنەما بوختان ببەخشێتە توێژێک کە کارمەندانی تەندروستین و زۆر بێ ئەمەکانە بەرامبەر بەو توێژە ماندوونەناسە و ژیان دۆستانەی ناوەندی تەندروستی وەک بێڕێزیەک بەو توێژە و بەکەم سەیرکردنیان و بە تەعبیرێکی زۆر ناشرین لە دەربڕیندا بە ( مضمد) کە گوایە ئەمان کارئاسانی گزیکردنی قوتابیان و خوێندکارانی پۆلی دوانزەن .
جەنابی وەزیری پەروەردە ؛
ئەوانەی تۆ بەو گوفتارە ناویان دەهێنیت لەشکرێک لەوان لە شۆڕشی گەلی کورددا دکتۆری ئەو شۆڕشە بوون کە بەڕێزتان لە سایەی خوێن وخەبات و ماندوبوون و خەباتی شاخ و شاری ئەوان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بنیاتی ئەم هەرێمەو حکومەتی هەرێمەن کە ئیستا بەڕێزتان تیایدا وەزیرن .
بەڵام جەنابی وەزیر..
پێدەچێت ئەو تێکۆشەرانەی کە هەردەم جێی شانازی ئێمەن و ئێوە بەوجۆرە ناویان دەزڕێنن زۆرێک لەوانە یان خانەنشین بوون و لەلایەن ئێمەوە بە ڕێزەوە تەقدیر کراون یان بە داخ و ئەفسوسەوە کۆچی دواییان کردوە .
بەڕێز جێی خۆیەتی:
بزانیت ئەو (مضمد)انەی ئێوە ئاوا باسیان دەکەن لە سەرەتای ساڵانی دوو هەزارەکانەوە بە ڕێزەوە گۆڕەپانی تەندروستیان بە سەربەرزییەوە بەجێهێشتوەو ئێستا نەوەکانی ئەوان هەڵگری بڕوانامەی باڵاکانی تەندروستین وەک ( پرۆفیسور ، دکتۆرا ، ماستەر ، بەکەلۆریۆس ، دبلۆم)،
بۆیە سەیرە لەسەر زاری وەزیرێک بە ناو وەزیری پەروەردە بێت لە ساڵی (۲٠۲۲ ) دا و بە ئەقڵی سەدەی ڕابردوو و پلارو تەشهیر بەو توێژە ژیاندۆست و مرۆڤدۆستانە بکات و لە کۆنگرەی ڕاگەیاندندا بڵێ بلوتووس لەلایەن (مضمد)ەوە بۆ گزیکردن لە وەڵامی پرسیاری تاقیکردنەوەکاندا لە گوێچکەی قوتابیاندا چێندراوە .
بەڕێز :
جەنابتان دیارە زۆر بێ ئاگان لەوەی ئەم کارانە نە لە ڕابردوو وە نە لە ئیستاو ئایندەشدا کاری پیشەیی و زانستی ئێمە نیە،
بۆیە بە هەموو جۆرێک ئەو تەشهیر و ناوزڕاندنانە قابیلی قبوڵ نیە بە تایبەت لەسەر زاری کەسێک کە وەزیری پەروەردە بێت و خوێندەوار بێت.
بۆیە :
وەک چۆن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بێ سڵەمینەوە تۆمەت دەبەخشیتە ئەم توێژە بەهەمان میکانیزم پۆزش و داوای لێبوردن لەم توێژە سەربەرزە بکە یاخود کەسی ئەنجامدەرەکە دەستنیشان بکە کە باست کردووە .
ئەگەر نا پێداگری دەکەین لەبەردەم دادگاکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو یاسا یەکلایی بکاتەوە…
سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کوردستان
دەستەی باڵا
هەولێر
٤ی ئابی٢٠٢٢