ناس کورد-
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مرۆیی، لە بەشی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەنێوان ژنە بەندکراوەکاندا گرژی و ئاڵۆزی دروست بووە و چەندین بەندکراوی ژن برینداربوون و هەموو پەیوەندییەکانی بەندی ژنان لەگەڵ دەرەوە پچڕاوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو (پێنجشەممە 4-8-2022) ڕایگەیاند، "لە بەندیخانەی ناوەندی ئورومیە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژانی موحەڕڕەم، دوای ئەوەی ژمارەیەک لە ژنانی پەیڕەوی مەزهەبی شیعە بێ ڕێزیان بە بەندکراوانی سوننە مەزهەب کردووە لەنێوان بەندکراوانی کورد و تورک ئاڵۆزی و گرژی دروست بووە و ئەم گرژییە لە ڕۆژی چوارشەممەوە تاوەکو ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە درێژەی کێشاوە بە جۆرێک کە چەندین کەس لە هەردوولا برینداربوون."
ئاماژە بەوەشکراوە، "دوابەدوای ئەم ئاڵۆزی و گرژییە هەموو پەیوەندییەکانی بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە پچڕاوە و هەتا ئێستا بنەماڵەکانیان نەیانتوانیوە کە پەیوەندیان لەگەڵ بگرن و هەر ئەمەش بنەماڵەکانی نیگەران کردووە."