گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’ماڵێکی پارێزراو’’

ئەمەریکا چۆن زەواهیری ناسییەوە و کوشتی؟

2022.08.02 - 23:35
App store icon Play store icon Play store icon
ئەمەریکا چۆن زەواهیری ناسییەوە و کوشتی؟

ناس کورد-

 

ڕابەری قاعیدە ئەیمەن زەواهیری لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکادا لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان کوژرا، ئەمەش لە دوای کوژرانی ئوسامە بن لادنەوە گەورەترین گورزە لەو گروپە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتی ئەمەریکا ڕایگەیاند، زەواهری چەند ساڵێکە خۆی حەشارداوە و ئۆپەراسیۆنەکان بۆ دۆزینەوە و کوشتنی زەواهیری دەرەنجامی کارێکی "بە ئارام و بەردەوامی" کۆمەڵگەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەواڵگری بووە.

 

هەتاوەکو پێش ئەوەی ئەمەریکا کوژرانی زەواهیری ڕابگەیەنێت، دەوترا زەواهیری لە ناوچە سنوریى و شاخاوییەکانى پاکستان یاخود لەناو ئەفغانستاندا خۆی حەشارداوە، ئەوەش بەپێی پێگەى "VOA" کە زانیارییەکانى لە ئاژانسى رۆیتەرزەوە گواستووەتەوە.

 

بەرپرسەکەی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت باسی لە وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنەکە کرد و وتی "ساڵانێکە حکومەتی ئەمەریکا ئاگاداری ئەو تۆڕەیە کە پێی وایە پشتیوانی لە زەواهری کردووە، لە ماوەی ساڵی ڕابردووشدا و دوابەدوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، بەرپرسەکان چاودێری ئاماژەکانیان کردووە لەسەر بوونی قاعیدە لە وڵاتەکەدا."

 

بەرپرسانی هەواڵگری لەم ساڵدا بۆیان دەرکەوتووە کە خێزانەکەی زەواهری، هاوسەرەکەی و کچەکەی و منداڵەکانی گواستوویانەتەوە بۆ ماڵێکی پارێزراو لە کابوڵ و دواتر زەواهرییان لەو شوێنەدا ناسیووەتەوە.

 

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا بە جۆو بایدنی وت "لە چەند مانگێکدا بەرپرسانی هەواڵگری متمانەیەکی زیاترییان لادروست بووە لەسەر ئەوەی بەڕاستی زەواهرییان لە ماڵە پارێزراوەکەی کابوڵدا ناسیوەتەوە، هەروەها لە سەرەتای مانگی چوارەوە دەستیان کردووە بە پێدانی زانیارییەکان بە بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا."

 

بەرپرسەکە وتی " توانیمان لەڕێی کۆمەڵێک سەرچاوەی سەربەخۆی زانیارییەوە شێوازی ژیانی بزانین و ئۆپەراسیۆنەکەی لێ ئاگادار بکەینەوە."

 

بوتیشى جارێکیان زەواهری گەیشتووەتە ماڵە پارێزراوەکەی کابوڵ، بەرپرسەکان ئاگاداری ئەوە نەبوون ماڵەکەی جێهێشتبێت و چەند جارێک لە باڵکۆنییەکەی ماڵەکەدا بینیویانە، لە کۆتاییشدا هەر لەو باڵکۆنییەدا کوژرا.

 

"بەرپرسەکان لێکۆڵینەوەیان لە پێکهاتە و بونیاد و سروشتی ماڵە پارێزراوەکە کردووە و بە وردی لێکۆڵینەوەیان لە دانیشتوانەکەی کردووە تاوەکو ئەمەریکا بتوانێت بە نهێنی و بەبێ زیان گەیاندن بە بونیادی بیناکە ئۆپەراسیۆنێک بۆ کوشتنی زەواهری ئەنجام بدات، هەروەها بۆ ئەوەی مەترسییەکانی سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و خێزانەکەی زەواهری کەم بکاتەوە".

 

بەوتەى ئەو بەرپرسە "لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا بایدن چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ڕاوێژکارە سەرەکی و ئەندامانی کابینەکەیدا کردووە تاوەکو بە وردی لێکۆڵینەوە لە زانیارییە هەواڵگرییەکان بکەن و هەڵسەنگاندنێک بکەن بۆ گرتنەبەری باشترین ڕێگە. لە 1 ی مانگی حەوتدا بایدن لە کۆشکی سپی لەلایەن ئەندامانی کابینەکەیەوە پێشنیاری ئۆپەراسیۆنێکی بۆ کراوە، بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا ویلیان بێرنسیش بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کردووە.

 

وتیشی "بایدن پرسیاری وردی سەبارەت بەو شتانە کردووە کە دەیزانین و چۆنیش زانیومانە "، هەروەها لەنزیکەوە شیکاری بۆ مۆدێلی ماڵە پارێزراوەکە کردووە کە کۆمەڵگەی هەواڵگری دروستییان کردووە و هێناوییانە بۆ کۆبوونەوەکە.

 

بایدن پرسیاری سەبارەت بە ڕووناکی و کەش و پێکهاتەی خانووەکە کردووە، هەروەها پرسیاری سەبارەت بەو فاکتەرانە کردووە کە دەکرێت کاریگەرییان لەسەر سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکە هەبێت. سەرۆک داوای شیکارییەکیشی کردووە بۆ ئەگەری لێکەوتەکانی ئەنجامدانی هێرش لە کابوڵ.

 

بەرپرسەکە دەڵێت "بازنەیەکی نزیکی پارێزەرانی باڵای نێو دەزگاکە شیکارییان بۆ ئەو زانیارییانە کردووە و ئەوەیان پشتڕاست کردۆتەوە کە زەواهری ئامانجێکی یاساییە، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی سەرکردایەتیکردنی ئەل قاعیدەوە".

 

لە 25 ی مانگی حەوتدا بایدن کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەندامانی کابینەکە و ڕاوێژکارەکانیدا کرد تاوەکو دوایین زانیاریی بدەنێ و تاوتوێی کۆمەڵێک بابەت بکەن، لەوانەش کوشتنی زەواهری چۆن کاردەکاتە سەر پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ تاڵیباندا، دواتر بایدن فەرمانیکردووە هێرشێکی ئاسمانی "وردی تایبەتمەند " ئەنجام بدرێت، بە مەرجێک کە مەترسییەکانی کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی کەم بکاتەوە.

 

بەرپرسەکە وتى "لە کۆتاییدا هێرشەکە لەڕێی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە و بە موشەکی هێڵفایەر لە 30 ی مانگی حەوتدا لە کاتژمێر 9:45 خولەک بەکاتی ڕۆژهەڵات ئەنجامدرا."