گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

فەرمى

وادەى یەکگرتنەوەى هێزەکانى 70 و 80 ى پێشمەرگە دیاریکرا

2022.08.02 - 19:57
App store icon Play store icon Play store icon
وادەى یەکگرتنەوەى هێزەکانى 70 و 80 ى پێشمەرگە دیاریکرا

ناس کورد-

 

جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى میرە لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە رایگەیاند، ساڵی داهاتوو سەرجەم هێزەکانى یەکەی ٧٠ و٨٠ لە ژێر چەترى وەزارەتى پێشمەرگە یەکدەخرێنەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عەقید فەرمان فەرهاد (2-8-2022) وتى "تاوەکو ئێستا ٢٠ لیوا لە هێزەکانی پێشمەرگە بە هەماهەنگیی هێزەکانی هاوپەیمانان یەکخراونەتەوە و دوو لیوای دیکەش لە ژێر پڕۆسەی یەکخستنەوەدان"، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى فەرمانگەى میدیا و زانیارى.

 

وتیشى "بڕیاریشە ساڵى داهاتوو بە هەماهەنگى وەزارەتى پێشمەرگە و سەرۆکایەتى ئەرکان، تەواوى هێزەکانى یەکەی (٧٠- ٨٠) بخرێنەوە ژێر چەترى وەزارەتى پێشمەرگە".

 

دەقى راگەیەنراوەکە:

لە ماوەی سێ ساڵی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بواری چاکسازی دا هەنگاوی جدی گرتووەتە بەر و بەردەوامیش لەو پرۆسەیە.

 

عەقید فەرمان فەرهاد، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى میرە لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند، رێکخستنەوە لە بنبڕکردنى دوو مووچە و مووچەی نایاسایی کراوە و تاوەکو ئێستاش ٣١ هەزار و ٣٨٢ ئەفسەر و پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگە هەژمێری بانکیان بۆ کراوەتەوە و لە بانکەکان مووچە وەردەگرن.

 

جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى میرەی وەزارەتى کاروباری پێشمەرگە ئاماژەشی بەوەدا "تاوەکو ئێستا ٢٠ لیوا لە هێزەکانی پێشمەرگە بە هەماهەنگیی هێزەکانی هاوپەیمانان یەکخراونەتەوە و دوو لیوای دیکەش لە ژێر پڕۆسەی یەکخستنەوەدان. بڕیاریشە ساڵى داهاتوو بە هەماهەنگى وەزارەتى پێشمەرگە و سەرۆکایەتى ئەرکان، تەواوى هێزەکانى یەکەی (٧٠- ٨٠) بخرێنەوە ژێر چەترى وەزارەتى پێشمەرگە".

 

مەشق و راهێنان بە هێزەکانی  پێشمەرگەى کوردستان یەکێکی دیکەیە لە کارەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى میرەش رایگەیاند''لە کابینەى نۆیەم گرنگی زۆر بە پێدانی مەشق و راهێنان بە هێزەکانی  پێشمەرگەى کوردستان کراوە، ئەمەش بە هاوبەشى لەگەڵ هێزەکانى هاوپەیمانان کراوە. تاوەکو ئێستاش زیاتر ٦٠%ی هێزەکانى پێشمەرگە بەشدارییان لە مەشق و راهێنانە سەربازییەکان کردووە و ئەو پڕۆسەیەش بەردەوامی دەبێت.''

 

سەبارەت بە سەنگەرسازی و پرچەککردنى هێزەکانى پێشمەرگە، ئەو بەرپرسەی هێزەکانی پێشمەرگە دەڵێت''سەرجەم سەنگەرەکانی پێشمەرگە پتەوکراون و بە تەواوەتی ئامادەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو هەڕەشەیەکی دوژمنانی کوردستان، هەروەها لە ئێستادا چەکى پێویست و گرنگ بۆ هێزەکانى سەر بە وەزارتى پێشمەرگە هەیە و تەواوى هێزەکان چەک و کەلوپەلى سەربازى پێویستیان لەبەردەستە''.

 

بەپێى داتاکانى وەزارەتى پێشمەرگە ٣ هەزار و ١٨ دۆسیەی خانەنشینی بەهۆکاری تەندروستی، سەربازی و کۆچکردن گواستراوەتەوە سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری. هەروەها هەزار و ١٨ دۆسیەی شەهیدانی سەنگەری دژ بە تیرۆریستانی داعشیش گواستراوەتەوە سەر وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، هەر لە میانەى چاکسازییەکانى وەزارەت دا ٩ هەزار و ٦٤٦ کەمئەندام چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە و دۆسیەیان بۆ ئامادەکراوە.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

٢ی ئابی ٢٠٢٢