ناس کورد-
ئەمیندارى گشتى یەکگرتوو رایگەیاند، دۆخی هەرێمی كوردستانیش لە دۆخی عێراق باشتر نییە و ئەدای حكومڕانی و سیاسی و دارایی باش نییە و دۆخی كۆمەڵایەتی شڵەژاوە، دەبێت دەسەڵاتداران هۆشیارانەتر مامەڵە بكەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەڵاحەدین بەهائەدین لە کۆبوونەوەیەکى ناوخۆیی حزبەکەیدا وتى "ئەوەی ڕوو دەدات دەرئەنجامی شكستی دەسەڵاتدارانە لە شەڕی پۆست و كورسی و دۆخەكە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەڕوات"، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى نوسینگەکەى کە دەست "ناس کورد" کەوتووە.
دەقى راگەیەنراوەکە:
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 1-8-2022، بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەشاری سلێمانی لەگەڵ بەشێك لە ڕێكخستنەكانی هەندەرانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبویەوەو ڕایگەیاند: پێویستە ئێوەی كوردانی تاراوگە شانازی بكەن بە كوردبوون و كەلتوری خۆتان و باوەڕی ئیمانداری و ترازوی میانڕەوی ئیسلامیی.
لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، ئەمینداری گشتی یەكگرتوو جەختیكردەوە كە ئیمان و بەها باڵاكان لە هەر شوێن و كۆمەڵگەیەك پیرۆزیی خۆی هەیەو لەسەر بنەمای ترازوی شەریعەت بابەتەكان پەسەند دەكەین و یا ڕەتی دەكەینەوەو بێگومان لە وڵاتانی دەرەوە ئازادی فەراهەمترە بۆ ئەم بابەتانە، دەبێت بە پاراستنی پێناسەی ئیسلامی و كوردەواری خۆتان هاوڵاتی بوونی خۆتان لەو كۆمەڵگایانەدا بەماف و ئەركەوە ئەنجام بدەن.
لەكۆتایی دیدارەكەدا ئەمینداری گشتی یەكگرتوو تیشیكی خستەسەر پێشهاتە نوێیەكانی عێراق و ڕایگەیاند: ئەوەی ڕوو دەدات دەرئەنجامی شكستی دەسەڵاتدارانە لە شەڕی پۆست و كورسی و دۆخەكە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەڕوات و بەداخەوە دۆخی هەرێمی كوردستانیش لە دۆخی عێراق باشتر نیەو ئەدائی حكومڕانی و سیاسی و دارایی باش نیەو دۆخی كۆمەڵایەتی شڵەژاوەو دەبێت دەسەڵاتداران هۆشیارانەتر مامەڵە بكەن.