گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

شەوی ڕابردوو لە بەغدا چی ڕوویدا؟

2022.08.01 - 10:08
App store icon Play store icon Play store icon
شەوی ڕابردوو لە بەغدا چی ڕوویدا؟

ناس کورد-

شەوی ڕابردوو لەدوای تویتەکەی موقتەدا سەدر و داواکردنی ئەنجامدانی شۆڕش و گۆڕینی سیستمی سیاسیی عێراق دۆخی بەغدا ئاڵۆزی زیاتری بەخۆیوە بینی و لە بەشێک لە سەکۆ میدیاییە عەرەبییەکان دەنگۆی ئەنجامدانی کودەتا بڵاوکرایەوە، بەڵام شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئەوە ڕەتدەکاتەوە و مستەفا کازمیش فەرمانێکی ئاڕاستەی سەرجەم هێزە ئەمنییەکان کرد. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر (یەکشەممە 31-7-2022) لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "خۆپیشاندانەکان ده‌رفه‌تێكی مه‌زنه‌ بۆ گۆڕانكاری ڕیشه‌یی له‌ سیسته‌می سیاسی و ده‌ستور و هه‌ڵبژاردن."  




چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان هەرزوو وەڵامی سەدریان دایەوە و لە بەرامبەردا داوایان لە جەماوەرەکەیان کرد، ئەمڕۆ دووشەممە 1-8-2022، بڕژێنە سەر شەقامەکان خۆپیشاندان دژی خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی سەدر ئەنجام بدەن.

 

هاوکات درەنگانێکی شەوی ڕابردوو لە سەکۆ میدیاییەکانی لایەنە شیعییەکان لە تێلێگرام چەندین دەنگۆ بڵاوبووەوە کە گوایە ئەمڕۆ خۆپیشاندەران هێرشدەکەنەسەر ماڵی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ناوبراو دەستگیردەکرێت، تەنانەت دەنگۆی ئەنجامدانی کودەتاش بڵاوکرایەوە. 

 

لەوبارەیەوە، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "دەزگا سەربازی و ئەمنییەكان بە هەموو شێوە و جۆرەكانییەوە، سەلماندوویانە، لە هەموو بارودۆخ و كاتێكدا دڵسۆزی نیشتیمان و گەلی عێراقن و لە ژێر فەرمانی مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان تەنها بەرگری لەم وڵاتە بکات و دەستوەردان لە کاروباری سیاسی ناکات، نە لە نزیکەوە و نە لە دوورەوە." 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەنگۆ بڵاوبووەتەوە کە ئەم هێزە ئەمنییە قارەمانانە بکەنە بەشێک لە دۆخی سیاسیی ئێستا، بەڵام ئەو دەنگۆیانە ڕاست نین و بە هەموو شێوەیەک ئەوە ڕەتدەکەینەوە." 

 

هاوکات مستەفا کازمی، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق نوسراوێکی ئاڕاستەی هێزە ئەمنییەکان کرد بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندەران و داوایکردووە، بەهیچ شێوەیەک تەقە لە خۆپیشاندەران نەکرێت و بەکارهێنانی چەک لە دژی خۆپیشاندەران قەدەغەیە. 

 

زیاتر بخوێنەرەوە؛ فەرمانێک لە مستەفا کازمییەوە بۆ سەرجەم هێزە چەکدارەکان

 

 

سەرۆک وەزیرانی عێراق داواشی لە هێزە ئەمنییەکان کردووە، خۆپیشاندەران و دامەزراوە حکومییەکانیش بپارێزن.