گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’ھەموو کارتەکانی سوتاون’’

راوێژکارێکى سەرۆککۆمار: پارتى یەک بژاردەى لەبەردەمدا ماوە

2022.07.26 - 21:47
App store icon Play store icon Play store icon
راوێژکارێکى سەرۆککۆمار: پارتى یەک بژاردەى لەبەردەمدا ماوە

ناس کورد-

 

راوێژکارێکى سەرۆککۆمارى عێراق رایگەیاند، پارتى یەک بژاردەى لەبەردەمدا ماوە کە ئەویش ئاشتەواییە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان، دواى "سوتانى سەرجەم کارتەکانى" لە کێبڕکێی سەرۆککۆماردا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

هاوژین عومەر (26-7-2022) لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەى بەوەکردووە، دوایین داواکاریی پارتی سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، بریتییە لەوەی ئەو بابەتە لە پەرلەمانی کوردستان یەکلایی بکرێتەوە.. بێگومان و وەکو چاوەڕێش دەکرا، یەکێتیی نیشتمانیی ئەو داوایەی پارتی ڕەت کردۆتەوە و سووربوونی خۆیان لەسەر تاکەکاندیدی حیزبەکەیان کە دکتۆر بەرھەم ساڵحە، دووپات کردۆتەوە.

 

دەشڵێت، ئەو داواکارییەی پارتی گوزارشتە لە وەی ئەم حزبە ھیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەر دەستدا نەماوە و ھەموو کارتەکانی دەستی سووتاون، "تاکە بژاردەیەکی گونجاویش کە ئێستا مابێت لە بەردەم پارتی بە بڕوای بەندە، ڕاستکردنەوەی ئەو ھەڵەیەیە، لەگەڵ بڕیاردانی ئاشتەواییەکی گشتی لەگەڵ ھەموو ھێزە کوردییەکان".

 

دەقى بڵاوکراوەکە:

 

داواکارییەکەی پارتی و چەند سەرنجێک لەو بارەیەوە

 

دوایین داواکاریی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، بریتییە لەوەی ئەو بابەتە لە پەرلەمانی کوردستان یەکلایی بکرێتەوە.. بێگومان و وەکو چاوەڕێش دەکرا، یەکێتیی نیشتمانیی ئەو داوایەی پارتی ڕەت کردۆتەوە و سووربوونی خۆیان لەسەر تاکەکاندیدی حیزبەکەیان کە دکتۆر بەرھەم ساڵحە، دووپات کردۆتەوە.

 

ئەو داواکارییەی پارتی لە چەند ڕوویەکەوە گرفتی گەورەی ھەیە.. بەندە سەرنجی خۆم لەسەر ئەو داواکارییە لە چەند خاڵێکدا دەخەمە ڕوو:

 

یەکەم: دیارترین کێشەی ئەو داواکارییە ئەوەیە؛ کە ھەر پارتی بۆ خۆی قورسایی پەرلەمانی کوردستانی نەھێشتووە و ساڵانێکی زۆرە ھیچ بابەت و دۆسیەیەکی ھەستیار و چارەنووسسازی نەبردۆتە ئەو دامەزراوە نیشتمانییە گەورەیە، ئیتر چۆن ئێستا ئەو داوایە بۆ پۆستی سەرۆککۆماریی دەکات؟! ھەرکاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان بابەتێکی نیشتمانیی و چارەنووسسازی وەکو گرێبەستە نەوتییەکانی شەفافانە ببردایەتە بەردەم پەرلەمان، یان پەرلەمانی بکردایەتە تاکە مەرجەعی بابەتە نیشتمانیی و نەتەوەییەکان و بە تایبەتیش بابەتی دانوستان لەگەڵ حکومەتی ناوەند، یان ڕۆژانێک پەرلەمانی پەک نەخستایە، ئەوکات ئاسایی بوو داوایەکی وەھاش بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدی سەرۆککۆماریی لە ناو باڵەخانەی پەرلەمان بکات.

 

دووەم: ئەو داواکارییەی پارتی گوزارشتە لە وەی ئەم حزبە ھیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەر دەستدا نەماوە و ھەموو کارتەکانی دەستی سووتاون، چ لەسەر ئاستی ناوەند و چ لەسەر ئاستی ھەرێمیش، بۆیە پەنا بۆ وەھا داواکاریی و پێشنیازێک دەبات، ئەمەشی لە لایەک دەرئەنجامی سیاسەت و خوێندنەوە ھەڵەکانی خۆی بوون، لە لایەکیشی بە ھۆکاری ناڕێکیی ھاوپەیمانە ناموتەجانیسەکانی بوون.

 

سێیەم: ھەروەھا داواکارییەکە ئەوەش دەسەلمێنێت کە پارتی دیموکرات لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە ھەڵە و ئەو ڤیتۆکارییەی لە بابەتی پۆستی سەرۆککۆمارییدا بە بێ پاساو پەیڕەوی کردن و ھیچ ئەرزشێکی بۆ ڕا و سەرنجی لایەنەکانی دیکەش دانەنا، ئێستا جگە لەوەی بە بێ بژاردەی بەھێز ماوەتەوە، ھاوکات کەوتۆتە کاتی زائیعەوە و ھاوشێوەی سیناریۆکەی ساڵی ٢٠١٨ش، ھەم پاشەکشەی لە کێبڕکێکە دەبێتە شکستی گەورە بۆی، ھەمیش مانەوەی، ئەمە جگە لەوەی کاتیش لە بەرژەوەندیی ئەو نییە.

 

دووبارەشی دەکەمەوە، ئەوەی لە بابەتی پۆستی سەرۆککۆمارییدا پارتی بە ئەم قۆناغەی ئێستا گەیاند، تاکڕەویی و غروور و حسابنەکردنی بوو بۆ زۆرینەی لایەنە کوردییەکان، لەگەڵ وەلاخستنی بەرژەوەندیی و یەکڕیزیی کورد لە پێناو بەرژەوەندیی حزبی و کەسیی. تاکە بژاردەیەکی گونجاویش کە ئێستا مابێت لە بەردەم پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بڕوای بەندە، ڕاستکردنەوەی ئەو ھەڵەیەیە، لەگەڵ بڕیاردانی ئاشتەواییەکی گشتی لەگەڵ ھەموو ھێزە کوردییەکان، بە شێوەیەک ھەم ئەرزش بۆ پڕۆسەی سیاسی و حکومەتداریی لە کوردستان بگەڕێتەوە، ھەمیش کار بۆ باشکردنی گوزەرانی خەڵکی بکرێت و ھەڵە گەورەکانی دەسەڵاتدارێتیی کوردیی سەبارەت بە ناوخۆ و عێراقیش ڕاست بکرێنەوە.