ناس كورد-
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێم چەند بڕیارێکی لەبارەی ئێشکگریی بۆ پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێی دێرین و خولاو لە نەخۆشخانە حکومییەکان دەرکرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بە پێی نوسراوێکی وەزارەتی تەندروستی ھەرێم کە ئەمڕۆ (26ی تەموزی 2022) دەرچووە و واژۆی وەزیری تەندروستی لەسەرە ئاماژە بەوەکراوە، پێویستە مانگانە خشتەی ئێشکگریی بە فەرمانی کارگێڕیی دەربکرێت و ھەڵبواسرێت و لەکاتی گۆڕینەوەش دەبێت پێشتر بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانە و سەرۆک بەش و سەرۆکی پزیشکان رەزامەند بن.
جەختیشیکردووەتەوە، پێویستیشە پزیشکی پسپۆڕی ئێشکگریی یان نیشتەجێی دێرین لەکاتی ئێشکگریی بەردەوام لە نەخۆشخانە بن و نابێت پزیشکی پسپۆڕی ئێشکگریی یان نیشتەجێی دێرین لە کلینکی تایبەتی خۆی یان لە نەخۆشخانەی تایبەت بێت لە رۆژی ئێشکگریدا.
لە کۆتایی نوسراوەکەشدا ھاتووە، بەکارھێنانی ھۆکارەکانی پەیوەندیکردن وەک (ڤایبەر و وەتسئەپ و تەلەفۆن) بۆ راوێژکردن بە ھەموو شێوەیەک قەدەغەیە، چونکە دەبێت ئێشکگر ئامادەبێت و نەخۆش ببینێت.