گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زیندانیانی بادینان بەھۆی ڕێگری لە ئازادبوونیان مانگرتنی سەرتاسەریان ڕاگەیاند

2022.07.24 - 13:35
App store icon Play store icon Play store icon
زیندانیانی بادینان بەھۆی ڕێگری لە ئازادبوونیان مانگرتنی سەرتاسەریان ڕاگەیاند

ناس کورد-

زیندانیانی بادینان لە چاکسازی گەورانی ھەولێر بەھۆی ڕێگری لە ئازادبوونیان مانگرتنی سەرتاسەریان ڕاگەیاند.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەو زیندانیانە لە زیندانەوە پەیامێکیان ئاڕاستەی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەرانی وڵاتان و ڕێکخراوە ناوخۆیی و جیهانییەکان کردووە (24ی تەموزی 2022) دەڵێن، "ئێمە وەکو زیندانیانی بادینان و کۆمەڵێك رۆژنامەنوس و چالاکوان و سزادراوانی زیندانی چاکسازی گەورانی ھەولێر کە ژمارەمان 52 کەسە ھاوشانی سزادراوانی شێلادزێ بڕیاری مانگگرتنمان لە خواردن داوە."

 

دەشڵێت، "مانگگرتنەکەمان پەیوەندی بە داواکاریەکەمانەوە ھەیە کە پێدانی (ئازادبونی مەرجدار)ە بەپێ ماددەی 331 لە بنەما دادگاییەکانی سزا کە مافێکی یاسایی خۆمانە، بەڵام لەلایەن داواکاری گشتیەوە دەستاودەستی پێ دەکرێت و ھەوڵ ھەیە بەھوی دەستێوەردانی حزبی و کەسی یەوە ئەو مافەمان لێ زەوت بکرێت و بێ بەش بکرێین لەو 25٪‏ ی یاسایەی کە ھەمانە، داواکارین لە دەستھەڵاتی دادوەری سەروەری خۆی بپارێزێت و لەپێناو بەرژەوەندی حزبی و کەسی چاو لەو مافەمان دانەپوشێت، ئێستا بەپێ یاسا و کەمکردنەوەی سزاکە لە لایەن سەرۆکایەتی ھەرێمەوە ئەو سزایە نادادپەروەرانەی لەسەرمان جێبەجێکرا بوو تەواو بووە و یاسا سەروەر بێت پێویستە دەستبەجێ ئازادبکرێین."

 

ئەو زیندانیانە دەڵێن کە "بۆ ھەموو لایەک ڕوونبووتەوە کە ئێمە دور لە ھەموو پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و بە نایاسایی و نادیموکراسی، لەسەر ئازادی بیرۆراو داواکردنی مافە گشتیەکان و بەشێکیشیان بە ھۆی دژایەتی داگیرکاری و بۆردومانی نشتمانەکەمان سزادراوین، لە کاتێکدا حکومەت فرمێسکی تیمساحی بۆ قوربانیانی بوردومانی تورکیا دەڕێژێت."

 

بۆیە "دواکارین لە گشت سزادراوانی لە ئاسایش و چاکسازیەکانی کوردستان مانگرتنی ئازادی یان مردن بۆ یەکلاییکردنەوەی دوسیەکانیان ڕابگەیێنن، چونکە بە ئاشکرا دەستێوەردان لە کاروباری دادگاکان دەکرێت، پێویستە ھەموو لایەنێک لەسەر ئەم نادادیە بھێنە وەڵام و چیتر بەھۆی فشاری حکومەتی ھەرێمەوە کارە یاساییەکانی دەستەڵاتی دادوەری پەکنەخرێت و دامەزراوەکانی ئەم وڵاتە بۆ تەسفیەی حسابات و رقی سیاسی بەکارنەھێنن."