گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و مستەفا کازمی ئاشکرا کرا

2022.07.23 - 22:08
App store icon Play store icon Play store icon
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و مستەفا کازمی ئاشکرا کرا

ناس کورد-

مەسرور بارزانی و مستەفا کازمی کۆبوونەوە و اگفتوگۆیان کرد، لەسەر هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچە سنوورییەکان و دۆسیەی نەوت، هەردوولاش ڕێککەوتن له‌سه‌ر قووڵكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌كانی نێوان وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، بۆ کارکردن لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی هاوبەش.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ شەممە 23-7-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە.



بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا گفتوگۆ له‌باره‌ی ته‌واوی دۆسییه‌ نیشتمانییه‌كان و ئەو پرسانه‌ کرا، کە بۆ ژیانی هاووڵاتیان گرنگن، هەروەها پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییەکان و ڕێگه‌كانی به‌رده‌وامیدان به‌ كاری هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تاوتوێ کران، به‌و ئاراسته‌یه‌ی كه‌ ئاسایشی خۆراك بۆ ته‌واوی عێراقییه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكات و به‌رده‌وامی به‌ دابینكردنی شایستەکانیان بدات و ژیانێكی سەربەرزانەیان بۆ گه‌ره‌نتی بكرێت.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لەبارەی پەرەپێدانی دۆخی ئابووری و تێپەڕاندنی ئاڵەنگارییەکان، هەردوولا بە گرنگیان زانیوە، دۆخێکی گونجاو بۆ گەشەپێدانی ئابووری بڕەخسێندرێت و هەماهەنگی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی زیاتر بکرێت، لەپێناو باشکردنی ژینگەی کار و راکێشانی وەبەرهێنەران و زیاترکردنی داهاتدا.

 

ئەوەش هاتووە، هاوکات لەسەر دۆسیەی نەوت، کە یەکێکە لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو سەرۆک وەزیران رێککەوتوون، "له‌سه‌ر قووڵكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌كانی نێوان وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌رده‌وامیدان و درێژەدان به‌ كاركردن له‌پێناو گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێکی هاوبه‌ش و گەیشتن بە حاڵه‌تێكی یەکگرتوو لە بەڕێوەبردنی دۆسیه‌ی نەوتدا، بە شێوەیەك کە بەرژەوەندی باڵای گەلی عێراق بەدەستبهێنێت".

 

هەروەها لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچە سنووریەکان، هەردوولا ئەو پێشێلکارییانەیان ئیدانەکرد و بەتایبەت ئەو هێرشەی کە بەهۆیەوە نۆ گەشتیاری ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کوژران و نزیکەی 30 کەسی دیکە برینداربوون، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "جه‌خت له‌ گرنگی رێككه‌وتن له‌سه‌ر دیدگایه‌كی یه‌كگرتوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ده‌ستدرێژییه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هۆكارەکانی كرایه‌وه‌، به‌و ئاراسته‌یه‌ی كه‌ سه‌روه‌ری عێراق بپارێزرێت‌ و كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكرێت،‌ له‌ ئاینده‌دا پێشێل نه‌كرێت".