گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەدان کەس بەهۆیەوە مردوون

ئاگری گەورە و گەرمای زۆر خەریکە ئەوروپا دەسوتێنێت

2022.07.20 - 09:32
App store icon Play store icon Play store icon
ئاگری گەورە و گەرمای زۆر خەریکە ئەوروپا دەسوتێنێت

ناس کورد-

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ئەوروپا بەتایبەت لە باشوور و رۆژئاوا، بووە هۆی دروستبوونی ئاگری گەورە و مەزن لە باشووری ئەو کیشوەرە، هاوکات دوێنێ سێشەممە بەریتانیا بەرزترین پلەی گەرمی لە مێژوویدا تۆمارکرد .

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

زانایان دەڵێن ئەم شەپۆلە گەرمایە هاوتەریبە لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا، پلەکانی گەرما لە هەندێک ناوچە بەرزبوونەتەوە بۆ سەرووی 40 پلەی سەدی و ئاگر لە دارستانەکانی ناوچە وشکەکانی پورتوگال و ئیسپانیا و فەرەنسا کەوتووەتەوە.

 

هەروەها ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی بەشێکی باشووری ئەوروپا و باکووری ئەفریقای وێران کردووە و سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسی ناچار کردووە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن، هەروەها بووەتەهۆی بڵاوبوونەوەی گازی گەرمخانەیی زیانبەخشی پیس لە ژینگەدا.

 

پلەی گەرمی پێوانەیی لە بەریتانیا

لە بەریتانیا، فەرمانگەی کەشناسی ڕایگەیاند، رۆژی سێشەممەی رابردوو ئەو وڵاتە بۆ یەکەمجار پلەی گەرمی زیاتر لە 40 پلەی سەدی تۆمارکردووە.

 

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بەریتانیا کە زۆرجار لەوانەیە بەهۆی بەفربارینی زۆر یان بای بەهێز کێشەی بەردەوامی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی گواستنەوەی بۆ دروست بێت، دوێنێ بەهۆی پلەی گەرمای بێ وێنەوە "بارودۆخێکی نائاسایی نیشتمانی" ڕاگەیاند.

 

ئاگرکەوتنەوەیەکی بەرفراوان لە فەرەنسا

لە فەرەنسا، ئاگرکوژێنەوەکان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرێکی بەرفراوانی دارستانەکان لە باشووری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەگەری تۆمارکردنی پلەیەکی گەرمای پێوانەیی لە باشوور و ڕۆژئاوای ئەڵمانیا و بەلجیکا دەکەن کە زانایان هۆکارەکەی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا دەگێڕنەوە.

 

ناوچەی جیرۆند، لە باشووری ڕۆژئاوای فەرەنسا، کە ترێی لێ دەڕوێت، گەورەترین ئاگری دارستانەکانی بەخۆیەوە بینی لە ماوەی زیاتر لە 30 ساڵی ڕابردوودا.

 

ئاگرکەوتنەوە لە ئیسپانیا

لە ئیسپانیا، شەپۆلێکی گەرما کە زیاتر لە هەفتەیەکی خایاند، بووەتە هۆی مردنی زیاتر لە 510 کەس بەهۆی گەرما، بەپێی خەمڵاندنەکانی پەیمانگای کارلۆسی سێیەم بۆ تەندروستی.

 

بەپێی داتا فەرمییەکانی ئیسپانیا تا ڕۆژی دووشەممە زیاتر لە 173 هەزار دۆنم زەوی سووتاوە، کە خراپترین ساڵە لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا.

 

لە ئیتالیا کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاگری بچووکتری بەخۆیەوە بینیوە، کەشناسی پێشبینی دەکەن پلەکانی گەرما لە چەند ناوچەیەکدا سەروی 40 پلەی سەدی تێپەڕێنن.

 

هەروەها سویسرا بەدەست کاریگەرییەکانی شەپۆلی گەرماوە دەناڵێنێت، هەروەها ئێکسپۆ کە وێستگەی ئەتۆمی  بەڕێوەدەبات ڕایگەیاند کە ناچار بووە بەرهەمی کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی ڕووباری ئار کە ئاوی ساردکەرەوەی لێ وەردەگرێت گەرم نەبێتەوە.