گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

بریکاری وەزارەتی پلاندانان: بەبێ بەغدا دەتوانین مووچە دابین بکەین

2022.07.19 - 15:20
App store icon Play store icon Play store icon
بریکاری وەزارەتی پلاندانان: بەبێ بەغدا دەتوانین مووچە دابین بکەین

ناس کورد- 

بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێم ڕایگەیاند، دۆخی ئابوریی هەرێم لە گەشەی بەردەوامدایە و دەشڵێت، ئێستا نەک بەبێ عێراق دەتوانن مووچە دابین بکەن، بەڵکو عێراقی دژایەتیشیان دەکات، بەڵام هەر دەتوانن مووچە بدەن. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

زاگرۆس فەتاح، بریكاری وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێکدا بۆ میدیای پارتی (سێشەممە 19-7-2022) ڕایگەیاند، "، لە ساڵانی رابردوو 95%ی سەرجەمی داهاتی هەرێمی كوردستان لە نەوتەوە بوو، ئێستا ئەو ڕێژەیە بۆ كەمتر لە 80% دابەزیوە، ئەمەش لە دەرەنجامی سیاسەتی کابینەی نۆیەمە بە ئاراستەی پەرەپێدانی کەرتی تایبەت و فرەچەشنکردنی ئابووری، ئەمەش ساڵ بە ساڵ و مانگ بە مانگ كاری لەسەر دەكەین و بیر دەكەینەوە چۆن بتوانین داهاتی نانەوتی زیاد بكەین، تاوەكوو بە هەڵكشان و داكشانی نرخی نەوت تووشی ئەو شۆكانە نەبین كە لە ساڵانی رابردوو بەرمان كەوتووە." 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە لەم کابینەیەدا بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کار و نوێنەرانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، کارمان کردووە لەسەر دوو یاسای گرنگ کە بریتین لە یاسای کار و یاسای خانەنشینی کەرتی تایبەت، هەرچی ناوەڕۆکی ڕەشنووسی یاسای کارە، بەشێوەیەک ئامادە کراوە کە بەتەواوی مافی کرێکاران پارێزراو دەبێت، بە جێبەجیبەجێکردنی یاساکە دەتوانرێت ژینگەیەکی لەبارتر بۆ کار و کرێکاران لە هەرێمی کوردستان بڕەخسێت، لە ڕەشنووسی یاسای خانەنشینی کەرتی تایبەتیش بە تەواوی مافی کرێکارانی کەرتی تایبەت لە ڕووی خانەنشینی و داهاتوویانەوە پارێزراو دەبێت و دەرچوواندنی ئەم یاسایە هاوسەنگییەکی باش دروست دەکات و دەبینە خاوەنی سیستمێکی باشی خانەنشینی لە کەرتی تایبەت کە ئەمەش وا دەکات گەنجان و لاوانمان زیاتر ڕوو لە کارکردن لە کەرتی تایبەت بکەن." 

 

بریکاری وەزارەتی پلاندانان باسی لەوەشکردووە، "جاران هەرێمی كوردستان وابەستەبوو بە عێراقەوە، پشتمان بە عێراق بەستبوو، بەڵام عێراق لە 2014 كە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، ئێمە تووشی داڕمانێكی ئابووری و دارایی بووین، نەماندەتوانی مووچە بدەین، بەڵام ئێستا بەبێ عێراق دەتوانین مووچە بدەین، نەك بەبێ عێراق، بەڵكو لە هەموو ڕوویەكی سیاسی و ئابووری و سەربازیشەوە دژایەتیمان دەكەن، بەو حاڵەشەوە دەتوانین مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانمان بدەین، ئەمە لەسەر بنەمای ئەو بەرنامەیەیە كە سەرۆكی حكوومەت دایناوە و كاری لەسەر دەكەین، لە ساڵانی داهاتووشدا كار دەكەین بۆ ئەوەی وابەستەیی خۆمان بە نەوت كەم بكەینەوە و پشتیوانیی زیاتری خەڵكی هەژار بكەین و خەڵكی دەوڵەمەند و بەتوانا پابەند بكرێن بە پێدانی باجەكان."