کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد بەهۆی خەرجنەکردنی پارەی کۆمپانیای کۆکردنەوەی خاشاک لە پارێزگای هەڵەبجە، ئەمڕۆ خاشاک لە پارێزگاکە کۆ نەکراوەتەوە، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجەش دەڵێت: "بەهۆی ڕۆتیناتی ئیدارییەوە کێشەکە دروستبووە." . ئەمڕۆ، یەکشەممە 4ی ئابی 2019، کۆمپانیای کۆکردنەوەی خاشاک لە پارێزگای هەڵەبجە کارەکانی ڕاگرت و بەهۆیەوە هیچ خاشاکێک لە کۆڵانەکانی ئەو شارە کۆنەکرایەوە. . کوێستان ئەکرەم، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە بە ناس کوری ڕاگەیاند، ئاگاداری کێشەکەن و ئەمڕۆ لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی لە سەر خەت بوون بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکەن. . سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەکرد، کۆمپانیای بەرپرس لە کۆکردنەوەی خاشاکی پارێزگاکە لە مانگی چواری ئەمساڵەوە گرێبەستەکەی تەواو بووە و ماوەی چوار مانگە بێ وەرگرتنی هیچ بڕە پارەیەک لە حکومەت، لە سەر کارەکەی بەردەوام بووە. . کوێستان ئەکرەم باسی لەوەکرد، کۆمپانیاکە تەنها ئەمڕۆ خاشاکی شارەکەی کۆ نەکردووەتەوە ئەوەش نیگەرانی خەڵکی دروستکردووە. . کۆنەکردنەوەی خاشاک کاردانەوەی دانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان درووستکردووە. . کۆمپانیاکانی کۆ کردنەوەی خاشاک لە شارەکانی هەرێم بە پێی گرێبەستێک لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی، ڕۆژانە خۆڵ و خاشاکی کۆڵانەکان و شوێنە گشتی و تایبەتەکان کۆدەکەنەوە، گرێبەستەکانیان بۆ ماوەی سێ ساڵ ئەنجام دەدرێن. .