ناس کورد-
مەسعود بارزانى رەتیکردەوە پەیامى جیاوازى بۆ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی ناردبێت لەبارەى كاندیدانی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بارەگاى بارزانى (6-7-2022) لەرونکردنەوەیەکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە رایگەیاند، لە ژمارەیەك دەزگای راگەیاندن و میدیادا وا بڵاو بووەتەوە لەسەر بابەتی پڕۆسەی سیاسی و ناوی كاندیدانی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی داهاتووی عێراق، سەرۆك بارزانی پەیامی جیاوازی بۆ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی ناردووە.
ئاماژە بەوەشکراوە "لێرەدا بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین ئەو هەواڵە دوورە لە ڕاستی و هیچ بنەمایەكی نیە".
بارەگاى بارزانى جەختیکردووەتەوە، لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و حكوومەتی داهاتوودا، ناوی كەس و لایەن بە لای بارزانیەوە گرنگ نیە بەڵكو جێبەجێكردنی دەستوور، بەرنامەی حكوومەتی داهاتووی عێراق گرنگە كە هاوكات ئەو بەرنامەیە دەبێ لەسەر بنەمای هەر سێ پڕەنسیپی شەراكەت و هاوسەنگی و سازان بێت.