ناس کورد-
کچە مۆدێلێکی بەڕازیلی کە دواتر بووە قەناس بەدەست و "لەگەڵ پێشمەرگە دژى داعش جەنگا"، هەفتەی ڕابردوو لە هێرشێکی موشەکی ڕوسیا لە ئۆکرانیا کوژرا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
تالیتا دۆ ڤالی 39 ساڵ، لە 30ی حوزەیران لە هێرشێکی موشەکیدا لە ناوچەی خارکیڤ کوژرا، هەروەها لە هێرشەکەدا دۆگلاس بوریگۆ، سەربازێکی پێشووی بەڕازیلیش کوژرا، ئەوەش بەپێی پێگەى "newsweek".
کوژرانى تالیتا لە کاتێکدا بووە کە لە میانی ئەرکێکی ڕزگارکردنی ئۆکرانییەکان بوو لە گوندێک کە سەربازانی ڕووسیا چۆڵیان کردبوو، ئەوەش بەوتەى فەرماندەى فەوجەکەى.
تیۆ رۆدریگۆ ڤیێراى برای تالیتا وتى "ئەو پاڵەوانێک بوو، بانگەوازەکەی بۆ ڕزگارکردنی ژیان بوو".
دۆ ڤالی، خەڵکی ساوپاولۆیە، پێشتر ئەکتەر بووە و دوای تەمەنی 18 ساڵی وەک مۆدێل کاری کردووە.
خێزانەکەی دەڵێن یاساى خوێندووە و خولیای چالاکیی ئاژەڵان بووە، لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومییەکان کاری کردووە بۆ بەرگریکردن لە مافی ئاژەڵان.
بە وتەی براکەی، سێ ساڵ لەمەوبەر پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە کردووە لە عێراق و لەوێش وەک قەناس بەدەست دژى داعش جەنگاوە.
دۆ ڤالی ئەزموونەکانی خۆی لە ناوچە جەنگییەکان لە یوتیوب و سۆشیال میدیا بڵاوکردووەتەوە، لەنێویاندا کاتەکانی شەڕی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق.
خێزانەکەی دەڵێن هەوەرها لەگەڵ نووسەرێک کارى لەسەر کتێبێک دەکرد تایبەت بە باسکردن لە ئەزموونەکانی.
براکەی دۆ ڤالێ ئاماژەی بەوەشکردووە، دوایین جار لە ٢٧ی حوزەیران لەگەڵ خوشکەکەی قسەی کردووە، دوای ئەوەی ڕووی لە خارکیڤ کردووە.
"پێم گوترا: تۆ ناچیت بۆ ئۆکرانیا بۆ یارمەتیدانی خەڵک؛ ئاژەڵەکان، منداڵان؟"، دۆ ڤالێ لە دوا ڤیدیۆی کە لە ٢١ی حوزەیران لە تیکتۆک بڵاویکردووەتەوە نووسیویەتی "کێ وتی نەخێر؟ من نزیکەی مانگێکە لێرەم!".