گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

شایەتحاڵێک نهێنییەکان ئاشکرادەکات

چیرۆکى کوژرانى فاتیمە لە درەنگانى شەودا لە هەولێر ’’چەقۆکەى لەجەستەیدا شکاند’’

2022.07.04 - 18:49
App store icon Play store icon Play store icon
چیرۆکى کوژرانى فاتیمە لە درەنگانى شەودا لە هەولێر ’’چەقۆکەى لەجەستەیدا شکاند’’

ناس کورد-

 

فاتیمە زارعى رازیبوو بەوەى جێگەى مێردى پێشووى لە شوێنى مانەوەى خۆى لە هەولێر بکاتەوە، بێ ئاگا لەوەى دواى تەنها شەوێک چەقۆ دەخاتە گەردنى و کۆتایی بە ژیانى دەهێنێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

حەوت مانگ لەمەوبەر فاتیمە و ئیسماعیل کە هەردووکیان خەڵکى رۆژهەڵاتى کوردستانن لەیەکترى جیابوونەوە، بەڵام کۆتایی مانگى رابردوو مێردەکەى دواى شکستهێنان لە گەیشتنى بەئەوروپا و دیپۆرتکردنەوەى لە تورکیا، پەیوەندى بە فاتمەوە کرد و داواى بینینى کرد.

 

بەناز رەحمان هاوڕێی فاتیمە کە پێکەوە لەپڕۆژەى نیشتەجێ بوونى لوبنان سیتى لە هەولێر دەژیان لە بەرنامەیەکى تەلەفزیۆنیدا لە "رووداو"باسى لەوەکرد، دواى ئەوەى فاتیمە و ئیسماعیل یەکتریان بینیوە، ئیسماعیل داوایکردووە شوێنى بکەنەوە چونکە شوێنى نیشتەجێ بوونى نییە.

 

دواى رەزامەندى فاتیمە کە لە هەولێر سەرقاڵى کارى مۆدێلى جلوبەرگ بوو، ئیسماعیل دەچێتە شوقەکەیان و شەوێک بەبێ هیچ روداوێک تێدەپەڕێت، بەڵام لەدرەنگانى شەوى دووەمدا کێشە لەنێوانیان سەرهەڵدەداتەوە.

 

بەناز دەڵێت، لەکاتژمێر ١١:٣٠ ى شەوى دووەم دەمەقاڵە روویدا، دواى ئەوەى فاتیمە داواى لە مێردى پێشووى کرد پەیوەندى پێوە نەبێت و هەریەکەیان سەرقاڵى ژیانى خۆى بێت، بەو هۆیەشەوە ئیسماعیل چەقۆیەکى هەڵگرت و هێرشیکردە سەر فاتیمە.

 

"تا چەقۆکە کاریکرد و شکا چەقۆى لێدا، لە سنگ و پشت و ملى و هەموو جەستەى، بەشێوەیەکى زۆر خراپ کوشتى".

 

بەپێی راپۆرتى پزیشکى داد، جەستەى فاتیمە ئاسەوارى حەوت چەقۆى پێوە بووە. 

 

دواى کوشتنى فاتیمە، ئیسماعیل هەڕەشەى کوشتنى لەبەناز کردووە، دواى ئەوەى هەوڵیداوە رایبگرێت "دواتر جانتاکەمى برد و ١٥ وەرەقەى دەرهێنا و لە پەنجەرەکەوە هەڵهات".

 

فاتیمە ٢٣ ساڵ، لە تەمەنى ١٧ ساڵیدا لەگەڵ ئیسماعیل ژیانى هاوسەریان پێکهێنا و خاوەنى منداڵێکن، بەوتەى باوکى فاتیمە بە رەزامەندى خۆى و بە خۆشەویستى ژیانى هاوسەریان پێکهێناوە.

 

لوقمان زارعى باوکى فاتیمە دەڵێت، نازانن بۆچى دواى حەوت مانگ جیابوونەوە، مێردى پێشووى گەڕاوەتەوە بۆلاى کچەکەى، لەکاتێکدا ئەو سەرقاڵى ژیانى خۆى بوو.

 

فاتمە ماوەیەک پێشمەرگەی پاک بووە و مێردەکەشى بە ناوی ئیسماعیل عەبدوڵڵامەنش ئەندامی سازمانی خەبات بووە.

 

بەپێی ڕێکخراوى مافى مرۆڤى هەنگاو، فاتمە زارعی ڕۆژی یەکشەممەی هەفتەی ڕابردوو کوژراوە، دوو ڕۆژ دوای کوژرانەکەی لە شاری قەڵادزێ سەر بە پارێزگای سلێمانی و بەبێ بەشداری بنەماڵەکەی و هەروەها بەبێ ئەوەی ڕێوڕەسمێکی بۆ بگیرێت ئەسپەردە کراوە.  

  

فاتمە زارعی سێ ساڵ لەمەوبەریش بریندارکراوە و دوای ئەوەی لە نەخۆشخانە هاتووەتە دەرەوە، ڕووی لە شاری هەولێر کردووە و لەوێ سەرقاڵی کاری مۆدێلین بووە.  

  

بەپێی ڕێکخراوەکە، مێردى فاتمە تۆمەتبارە بەوەى دوای ئەوەی لە شوێنی نیشتەجێبوونی ژنەکەی ئاگادار بووە چووەتە هەولێر و بە لێدانی چەند چەقۆ لە ملی کوشتوویەتی. دواتریش هەڵهاتووە و هەتا ئێستا دەستبەسەر نەکراوە.  

  

تا ئێستا پۆلیسی هەولێر بە فەرمی هیچ شتێکی لەوبارەوە ڕانەگەیاندووە.  

  

فاتمە (ژیلا) زارعی دایکی کوڕێکی چوار ساڵانە بە ناوی (ئا. ع) کە خەسووی لە شاری ئورمیە سەرپەرشتی بە ئەستۆ گرتووە.