گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

 شۆکى سەماى کچەکانى یاریگاى کەربەلا پیاوانى ئاینى و سیاسى عێراقى بەرنەداوە

2019.08.02 - 21:26
App store icon Play store icon Play store icon
 شۆکى سەماى کچەکانى یاریگاى کەربەلا پیاوانى ئاینى و سیاسى عێراقى بەرنەداوە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- سەرەڕاى تێپەڕبوونى چەند رۆژێک بەسەر مەراسیمى کردنەوەى پاڵەوانێتى تۆپى پێى رۆژئاواى ئاسیا و سەماکردنى چەند کچێک لەناو یاریگاکەى شارى کەربەلا، بەڵام هێشتا مشتومڕەکان لەو بارەیەوە گەرمە و پێناچێت وا بە ئاسانى کۆتایى بێت. .   رۆژى 30ى تەموزى 2019، لەتەلەفزیۆنی فەرمی عێراقەوە، مەراسیمی پاڵەوانێتی تۆپی پێی ڕۆژئاوای ئاسیا پەخشکرا کە لە پارێزگای کەربەلا لە باشووری عێراق بەڕێوەچوو. . لەمەراسیمەکەدا دەرکەوتنى سێ ژن بە جلی ڕەنگا و ڕەنگەوە و بەبێ پۆشینى لەچک و ژەنینى مۆسیقا و سەماکردنیان بووە هۆى مشتومڕێکى زۆر و توڕەبوونى پیاوانى ئاینى ئەو شارە و سیاسەتمەدارانى ئەو شارە و وەک بێڕێزییەک بەرامبەر پیرۆزى ئەو شارە لێکدرایەوە.       کاردانەوەی ئەو کەسانە، دژی ئەو ژنانە لە یاریگای کەربەلا وەک خۆیان دەڵێن بە هۆی ئەوەوە بووە  کە "بەبێ لەچک" دەرکەوتوون و سەمایان کردووە، کە ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە لەو شارە پیرۆزە، قەدەغە و رێگەپێنەدراوە. . نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، و سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامی عێراق، لەبارەی مەراسیمەکەوە وتی "کەربەلا شوێنێکی پیرۆزە و نابێت جێگای ئەم جۆرە چالاکیانە بێت". . داواشیکرد لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەو مەراسیمە درووست بکرێت و لێکۆڵینەوە لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقیش بکرێت. . لەلایەکی دیکەشەوە دیوانی وەقفی شیعی عێراق و دامەزراوەی خێرخوازی عێراق لە بەیاننامەکانیاندا لەو باوەڕەدا بوون دەرکەوتنی ژنەکان لێدان بووە لە پیرۆزی ئاینی کەربەلا، لەگەڵ ئەوەش بەرپرسانی کەربەلا و پارێزگار، ڕێکخستنی مەراسیمەکەیان خستۆتە ئەستۆی وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق. . هاوکات ئەمڕۆ، (هەینی، 2ى ئابی 2019)،  نوێنەری عەلی سیستانی،  مەرجەعی باڵای ئاینی شیعەکان، لە وتاری هەینی لە شاری نەجەف بە توندی ئیدانەی ئەو کارەی کرد و  داوای کرد بە زووترین کات وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق لە کارەکەی دووربخرێتەوە. . هەرچەند زۆرترین کۆمێنت بە شێوەیەکی نەرێنی دژ بە مەراسیمی کردنەوەی پاڵەوانێتیەکە، لە لایەن کەسایەتییە ئاینییەکان و سیاسیەکانی شیعەوە بووە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە ئەم ڕووداوە  بووەتە دەرفەتێکی باش بۆ هاووڵاتیانی عێراق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان،بۆ گاڵتەپێکردن و هێرشکردنە سەر ئەو سەرکردانەی کە تانەیان لە مەراسیمەکە داوە. بەجۆرێک بە کارهێنەرانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە لە هەموو کۆمێنت و پۆستەکانیاندا ئەو سەرکردانەیان بە  گەندەڵکار و عەیبە وەسف کردوە. . ئاماژەشیان بەوەکردوە کە ئەو سەرکردانە  چەندین کاری ناشرین و قێزەونیان لە پشت پەردەوە ئەنجامداوە ، ئێستاش دەیانەوێت بەم جۆرە تانەو ڕەخنانە کارەکانی خۆیان پەردەپۆش بکەن. . پاڵەوانێتی تۆپی پێی ڕۆژئاوای ئاسیا بە بەبەشداری 9هەڵبژاردە وەک هەڵبژاردەکانی بەحرێن، عێراق، ئەردەن،کوەیت، فەڵەستین، سعودییە، سوریا، یەمەن،لوبنان، لە وڵاتی عێراق کرایەوە.   .