ناس کورد-
سەرۆك وەزیرانی سوید ڕایگەیاند، دەزانێت نیگەرانییەکی زۆر هەیە سەبارەت بە پرسی رادەستکردنەوەی ئەو کوردانەی سوید کە تورکیا داوایکردوون، بەڵام هیچ کات هاووڵاتیی سویدی رادەست ناکەنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ماگدالینا ئەندێرسن، سەرۆك وەزیرانی سوید لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا (یەکشەممە 3-7-2022) ڕایگەیاند، "دەزانم ئێستا لەناو کۆمەڵگەی کوردی نیگەرانییەکی زۆر هەیە سەبارەت بە ڕادەستکردنی داواکراوانی کورد لەلایەن تورکیاوە، بەڵام دڵنیابن هیچ کات هاووڵاتی سویدی رادەستی تورکیا ناکەینەوە."
هاوکات لەبارەی ئەو کەسانەی ڕەگەزنامەی سویدییان نییە و لەلایەن تورکیاوە داواکراون، سەرۆک وەزیرانی سوید ئاماژەی بەوەکردووە، "ئێمە بەگوێرەی یاساکانی سوید و یاسای نێودەوڵەتی مامەڵە لەگەڵ رادەستکردنەوەیان دەکەین".
باسی لەوەشکردووە، "تورکیا یاخود هەر وڵاتێکی دیکە داوای رادەستکردنەوەی کەسێك لە سوید بکات، دەسەڵاتێکی سەربەخۆ لە سوید هەیە، كه ئەوان بەگوێرەی یاساکانی سوید و یاسا نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە رادەستکردنەوەی داواكراوان، وەڵامی ئەو داواکارییە دەدەنەوە".