ناس کورد-
وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی غازەوە لە کافتریایەکی شەقامی سالم پێنج کەس بریندار بوون، دەشڵێت، تەقینەوەکە بەهۆی نەگرتنەوەی قوفڵی ئیمێرجنسییەوە بووە و دەبوو کارمەندەکان بیانگرتایەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕێکان جەمال، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا کە "ناس کورد" بینیویەتی ڕایگەیاند، " کاتێک تیمەکانمان گەیشتوونەتە شوێنەکە، هیچ ئاگرێک نەبووە، دەبوو کارمەندەکانی کافتریاکە قوفڵی ئیمێرجێنسی بگرنەوە، بەڵام بەهۆی شڵەژانەوە نەیانتوانیوە ئەو کارە بکەن و بۆیە لەوکاتەدا تەقینەوەکە ڕوویدا."
ئاماژەی بەوەشکرد، " بەهۆی رووداوەکەوە پێنج کەس بریندار بوون کە سێ کەسیان کارمەندی بەرگریی شارستانی و دوو کەسەکەی دیکەش کارمەندی کافتریاکەن، بریندارەکان لە نەخۆشخانەن و تەندروستییان جێگیرە."
رووداوەکە لە کافتریای کەستانە لە شەقامی سالم ڕوویداوە و جگە لە برینداربوونی ئەو پێنج کەسە، زیان بەر بەشێک لە کافتریاکەش کەوتووە.