گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دەسپاکی هۆکاری سزادانی چوار ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی ئاشکرا کرد

2022.07.03 - 10:07
App store icon Play store icon Play store icon
دەسپاکی هۆکاری سزادانی چوار ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی ئاشکرا کرد

ناس کورد-

بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەسپاکی عێراق ڕایگەیاند، سزادانی چوار ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە زیندانیکردن بە تۆمەتی "بەکارهێنانی پۆست و کارەکەیانە بۆ دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی دەوڵەتە."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕوونکردنەوەیەکدا (3ی حوزەیرانی 2022) ئاماژەی بەوەشکردووە کە "ئەو چوار ئەندامە بە 15 ساڵ زیندانی سزا دراون بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی حکومی کە لایان بووە و موڵکی دیوانی پارێزگای کەرکوکە، ئەوان ڕەتیان کردووەتەوە ڕادەستی بکەنەوە پاش ئەوەی خزمەتیان لە ئەنجومەنەکە کۆتایی هاتووە."

 

سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەو چوار ئەندامی ئەنجومەنی سڕکراوی پارێزگای کەرکوک هەریەک بە 15 ساڵ زیندانیکردن حوکمدران کە ئەندامی لیستی برایەتی کەرکوکن و لە ئێستادا لە هەولێر نیشتەجێن.

 

چوار ئەندامە حوکمدراوەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بریتین لە ( پەروین محەمەد (کورد)، عیرفان کەرکوکلی (تورکمان )، ریازمحەمەد (عەرەب)، ئەدوارد ئەدیشۆ(کریستیان). بڕیاری حوکمدانیان لەلایەن دادگای تاوانەکانی کەرکوکەوە و بە تۆمەتی ئەوەی موڵک و ماڵی دەوڵەتیان نەگەڕاندووەتەوە حوکمدراون.

 

هەر ئەو کاتە عیرفان کەرکوکلی یەکێک لە ئەندامە حوکمدراوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە دەنگی ئەمەریکای گوت”مێز و کورسی لە ناو ئۆفیسەکەمدان لە نێو پارێزگای کەرکوک، ستافم ناردووە ڕادەستی بکەنەوە، کەچی دەڵێن دەبێت خۆت ئامادەبیت.”

 

گوتیشی”دەیانەوێت خۆم بڕۆم و دەستگیرم بکەن و سوکایەتیم پێ بکەن، بۆیە حوکمدانم سیاسیە نەک یاسایی.”

 

چوار ئەندامە حوکمدراوەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، لە دوای 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 ەوە کەرکوکیان جێهێشتووە و لە شاری هەولێر نیشتەجێ بوون، بەڵام تا کاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکە لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە لە کۆتایی ساڵی 2019، بەفەرمی ئەندامی ئەو ئەنجومەنە بوون.

 

کامەران کەرکوکی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە دەنگی ئەمەریکای وت”ئەو ئەندامانەی ئەنجومەن کە حوکمدراون، دەتوانن تانە لە بڕیارەکە بدەن.”

 

بەڵام عیرفان کەرکوکلی جەختیکردەوە”بەشێوەیەکی غیابی حوکمدراون و مەسەلەکەیان سیاسیە.”

 

کەرکوکلی ڕوونیشیکردەوە، لە 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 کاتێک کەرکوکی جێهێشتووە، دوو ئۆتۆمبێلی ئەنجومەن و ئۆتۆمبێلێکی خۆی لە نێو ئۆفیسەکەیدا دزراون، گوتی”سکاڵام تۆمارکردووە، بەڵام سکاڵاکەم بەهەند وەرنەگیراوە، سەرۆک وەزیرانیش تەداخولی کردووە و ئەنجامی نەبووە، کەچی حوکمیش دراوم و دەستیش بەسەر موڵک و ماڵم دا گیراوە.”

 

حوکمدانی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەلایەن دادگای تاوانەکانی کەرکوکەوە، چاوەڕوان دەکرێت ببێتە هۆی لەمپەر دروستکردنی زیاتر بۆ گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ شارەکە، بەوپێ یەی سەرجەم حوکمدراوەکان نزیکن لەو حیزبەوە.