ناس کورد-
لەشاری هەولێر گەنجێک خۆی بە پزیشک ناساندووە و چەندین ئافرەتی هەڵخەڵەتاندووە و دوای ئەوەی وێنەی نەشیاوی بە ئافرەتەکان ناردووە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەکانی کردووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا (شەممە 2-7-2022) ڕایگەیاند، "دوای تۆمارکردنی سکاڵا، گەنجێکمان دەستگیرکرد کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەی نەشیاوی لە کچێک کردبوو."
وتیشی، "دوای ئەوەی کەسەکەمان دەستگیرکرد، دەرکەوت کە هەڕەشەی لە چەندین ئافرەتی دیکەش کردووە و داوای پارەی لێکردوون."
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو تۆمەتبارە لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە خۆی بە پزیشک ناساندووە و دواتر خۆی دەکرد بە خۆشەویستی ئافرەتەکان و هەڵیخەڵەتاندن و وێنەی پێدەناردن و دواتر هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەکانی لێکردوون لە گروپی (cts) لە تێلیگرام ئەگەر پارەی پێنەدەن."
ئەوەشی خستەڕوو، "گەنجەکە خەڵکی شاری هەولێرە و لەئێستادا دەستگیرکراوە و سەرجەم بەڵگە و وێنەکانیش لەناوبراون و ئەو ئافرەتانە لەو کێشەیە ڕزگارکراون."