گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەیامێک لە زانکۆی سۆرانەوە لەبارەى کوشتنی دوو مامۆستاکە: حوکمی هەڵە دەدەن

2022.07.02 - 10:52
App store icon Play store icon Play store icon
پەیامێک لە زانکۆی سۆرانەوە لەبارەى کوشتنی دوو مامۆستاکە: حوکمی هەڵە دەدەن

ناس کورد-

سەرۆکایەتیی زانکۆی سۆران ڕایگه‌یاند، ڕوداوی شەهیدکردنی دوو مامۆستاکەی زانکۆ کۆدەنگییەکی نیشتیمانی سەبارەت بە مەزڵومیی خوالێخۆشبوان دروستکردوە، به‌ڵام "کەسانێک لە دەرەوەی ئەم هێڵە گشتییەوەن و بە هەر هۆکارێک بێت، کە بە زۆری لە بەر نەزانییە، هێرشی ناڕەوا ئەنجام دەدەن".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەرۆکایەتیی زانکۆی سۆران له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا (2ی حوزەیرانی 2022) بڵاویكرده‌وه‌، "ڕوداوی شەهیدکردنی هەردو مامۆستا پ. د. کاوان ئیسماعیل، ڕاگری کۆلێژی یاسا و پ. ی. د. ئیدریس حەمە خان، مامۆستا لە کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەددین-هەولێر کۆدەنگییەکی نیشتیمانی سەبارەت بە مەزڵومیی خوالێخۆشبوان دروستکردوە، هەموان هاوسۆزییان بۆ کەسوکاری قوربانیان هەیە، هەموانیش داوای سەروەریی یاسا و بەدیهێنانی دادپەروەری دەکەن، بەڵام بە داخەوە، کەسانێک لە دەرەوەی ئەم هێڵە گشتییەوەن، بە هەر هۆکارێک بێت، کە بە زۆری لە بەر نەزانییە، هێرشی ناڕەوا ئەنجام دەدەن، زانکۆکانی سۆران و سەلاحەدین-هەولێر تۆمەتبار دەکەن".

 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "کەسانێک هەن کێشەکە بە د. نیشتیمان عوسمان، مامۆستای زانکۆی سۆرانەوە گرێ دەدەنەوە، ئەوان بە بێ ئەوەی وردەکارییەکانی کەیسەکە بزانن، لە هیچ و خۆڕا و لە سەر بنەمای مەزەندە و خەملاندنی نادروستی خۆیان حوکمی هەڵە دەدەن کە پێویستە بوەستێندرێن".

 

سەرۆکایەتیی زانکۆی سۆران باسی له‌وه‌شكرد، "پشتیوانیی تەواو لەو مامۆستایەی خۆمان دەکەین و لە پێناو بەدەستهێنانەوەی مافەکانیدا درێغی لە پێشکەشکردنی هیچ جۆرە یارمەتییەک ناکەین، زانکۆی سۆران هاوسۆزی و پاڵپشتیی تەواوی خۆی نیشان دەدات و داواش لە هەمو لایەک دەکات بە هەمان ئاڕاستە کار بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە خەمبارین بەوەی لەم دۆخە سەخت و ناڕەحەتییەدا کەسانێک دور لە بنەما ئایینی و ئەخلاقییەکان تۆمەتی ناڕەوا دەبەخشنەوە و بێ ئەوەی لە وردەکارییەکانی بابەتەکە ئاگادار بن قسەی بێ بنەما دەکەن و بۆ ئەو مەبەستەش پانتاییەکانی سۆشیاڵ میدیا بەکار دەبەن".

 

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، "داوا ده‌كه‌ین بەرلەوەی ناچاربین ڕێگەی یاسایی بەرامبەر بەو کەسانە بگرینە بەر، واز لە بوختانی بێ بنەما و هەڵسەنگاندنی نادروستیان بهێنن و وەک هەمووان چاوەڕێی بڕیاری دادگا بکەن، بەیاننامەی دامەزراوە باڵاکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕوداوەکە، نیشاندانی دەربڕینی پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ مافخوراوان و ستەملێکراوانی دۆسیەکە، بە هەمانشێوەش سەبورییە بۆ ئێمە و کەسوکاری قوربانیان. لە هەموو ئەو بەیاننامانەشدا، جەخت لە سەر سەروەریی یاسا و بەدیهێنانی دادپەروەری کراوەتەوە".

 

سەرۆکایەتیی زانکۆی سۆران رونیشیكردوه‌ته‌وه‌، "جارێکی دیکە هەمو پاڵپشتی و هاوسۆزییەکی خۆمان بۆ مامۆستای زانکۆمان، د. نیشتیمان عوسمان، دوبارە دەکەینەوە، ئێمە لە زانکۆی سۆران تەواو دڵنیاین لەوەی کە هەمو هەنگاوەکانی بەڕێزیان لەم دۆسیەیەدا بە ئاڕاستەی سەروەریی یاسا و بەدیهێنانی دادپەروەریدا بون، چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەکەین تا ماف بۆ مافخوراوان بگەڕێنێتەوە و بە بڕیارێکی دادپەروەرانە سەبوریی بە کەسوکاری قوربانیان ببەخشێت و وانەیەک فێری کۆمەڵگا بکات کە تاوان ناشاردرێتەوە و تاوانبارانیش ڕێی دەرچوونیان لە یاسا بۆ نابێت. هەروەها داواکارین هەموو لایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم کەیسەدا بکەن و بە قسەی نابەرپرسیارانە دۆخی دەروونیی کەسوکاری قوربانیان شڵەژاوتر نەکەن".