ناس کورد-
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە میانەی تاقیکردنەوەی وانەی کوردیی پۆلی 12 لە قوتابخانەیەکی کۆیە کەسێک بە چەکەوە دەچێتە ژوورەوە و بەوەش ئاڵۆزی دروست دەبێت، وەزیری پەروەردەش دەڵێت، ئەو کەسە قوتابی نەبووە و هەوڵ دەدرێت دەستگیربکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە یاداشتێکدا ژمارەیەک خوێندکاری پۆلی 12 لە کۆیە (پێنجشەممە 30-6-2022) ڕایانگەیاند، ئەمڕۆ لەکاتی تاقیکردنەوەدا لە هۆڵێکدا خوێندکارێک چەکی پێبووە و بووە بە دەمەقاڵەی لەگەڵ چاودێرانی هۆڵەکە و هێزەکانی پۆلیسدا، بەوەش ئارامیی هۆڵەکە تێکچووە و خوێندکاران زۆر ترساون.
لەوبارەیەوە د. ئالان حەمەسەعید لە کۆمێنتێکدا کە بۆ ئەو قوتابیانەی نوسیوە و "ناس کورد" بینیویەتی ڕایگەیاند، "ئاگاداری حاڵەتەکەین، ئەو کەسە نەیتوانیوە بچێتە هۆڵی تاقیکردنەوە، راستە چەکی پێبووە، بەڵام قوتابی نەبووە، پۆلیس و ئاسایش راویانناوە و هەڵهاتووە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "رێکاری پێویست گیراوەتەبەر و سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە و فەرمانی گرتنی هەیە، یاسا جێبەجێ دەکەین بەسەر هەمووان، پەروەردەی کۆیە رۆلی کارگێری گونجاو و پێویستی خۆی گرتووەتەبەر و دەستگیر دەکرێت."