ناس کورد-
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند،کاری بەردەوام بۆ دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون دەکرێت و لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو دەبێت و ئەمساڵیش دەست بە دروستکردنیان دەکرێت، دەشڵێت، تەنھا یەک قۆناغیش نابێت، بەڵکو چەند قۆناغێکی دیکەیشی بەدواوە دێت و پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان (پێنجشەممە 30-6-2022) بە میدیاری فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاند،"تا سەرەتای ھەفتەی داھاتوو پڕۆسەی پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون بەردەوام دەبێت و خەڵک بەپێی مەرجەکان دەتوانن فۆڕمەکە پڕ بکەنەوە و دواتر ھەر پارێزگا و ئیدارەیەکی سەربەخۆ لیژنەی تایبەتی دەبێت و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسەکاندا دەکرێت و کێ مستەحەق بێت بە ئەو دەدرێت، جگە لەوەش کار بۆ تەرخانکردنی زەوی و پەیداکردنی وەبەرھێنەر دەکەین و ئێستا خەریکی ھەندێک نەخشەین بۆ چۆنیەتی دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون، بۆیە دیاریکردنی زەوی و دیزاین و نرخەکان ھەمووی کاری لەسەر دەکرێت و لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو دەبێت.''
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمساڵ دەست بە دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەکرێت و ھەوڵ دەدەین کە قیستەکان کەم بن و پێش پڕۆسەی تەندەرین لەگەڵ ھەندێک بانک و وەبەرھێنەردا قسە دەکەین کە بزانین چۆن دەبێت و بە چ شێوەیەک دەبێت، بۆیە خەریکین ئەوەش یەکلایی بکەینەوە و ھەفتەی داھاتوو ئەوەش یەکلایی دەبێتەوە.''
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان باسی لەوەشکردووە، ''تەنھا ئەو ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوونە نابێت و چەندین قۆناغی دیکەیشی بەدواوە دێت و پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت.''