گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى زیاتر

حکومەتى هەرێم لەسەر ’’کشانەوەى’’ کۆمپانیا نەوتییەکان هاتەدەنگ

2022.06.27 - 13:08
App store icon Play store icon Play store icon
حکومەتى هەرێم لەسەر ’’کشانەوەى’’ کۆمپانیا نەوتییەکان هاتەدەنگ

ناس کورد-

 

حکومەتى هەرێمى کوردستان کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان دڵنیا دەکاتەوە کە هەموو ڕێگەیەک بەکاردەهێنێت بۆ بەرگریکردن لێیان و دۆخێکى سەقامگیریان بۆ دابین دەکات، ئەوەش دواى ئەو راپۆرتانەى باس لە کشانەوەى چەند کۆمپانیایەک دەکەن بەهۆى هێرشە موشەکییەکان و بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵییەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى هەرێم (27-6-2022) لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنوسان و لە وەڵامى پرسیارێکدا لەبارەى "کشانەوەى" چەند کۆمپانیایەکى بیانى وتى "کۆمپانیاکان دڵنیا دەکەینەوە کە دۆخێکى سەقامگیریان بۆ دابین دەکەین تا بتوانن بەردەوامى بەکارەکانیان بدەن لە هەرێمى کوردستان".

 

وتیشى  "سەرجەم رێگا دیبلۆماسی و سیاسی و یاساییەکان بەکاردەهێنین بۆ بەرگریکردن لە کۆمپانیاکان و گرەنتى دابینکردنى ئاسایش و سەلامەتى بۆیان".

 

لەدواى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى لەبارەى دۆسیەى نەوت و گازى هەرێم و هێرشەکانى سەر کێڵگەى غازى کۆرمۆر باس لە کشانەوەى چەند کۆمپانیایەک و راگرتنى کارەکانیان دەکرێت، بەڵام تا ئێستا بەفەرمى هیچ کۆمپانیایەک نەکشاوەتەوە.

 

کۆمپانیای دانەگاز کە کاری بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر دەکات (دووشەممە 27-6-2022 ) لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، "دوای رووداوەکەی رۆژی 22ی حوزەیران، دوو مووشەکی دیکە لە رۆژانی هەینی و شەممە لە کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستانی عێراق کەوتنەخوارەوە".   

  

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێرشەکان هیچ زیانێکیان نەبووە، چالاکییەکانی تایبەت بە بەرهەمهێنان بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوامن، بەڵام کارکردن لە پڕۆژەی فراوانکردنی کۆرمۆر کەی ئێم 250 بەشێوەیەکی کاتی راگیراوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە باری ئەمنی توندوتۆڵتر دەکرێت".  

  

دانەگاز ئەوەشی خستووەتەڕوو، " لە نزیکەوە هاوئاهەنگیمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە کە لەگەڵ حکومەتی عێراق پاڵپشتیی بەهێزیی خۆیان دەربڕیووە، وەک وەڵامدانەوەیەکیش بۆ ئەم هێرشانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو رێکارێکی گرتووەتەربەر بۆ زیادکردنی رێکارە ئەمنییەکان لە کۆرمۆر، لەوانەش هێنانی هێزی سەربازیی زیاتر بۆ پاراستنی کێڵگە و دامەزراوەکان".