گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

قوباد تاڵەبانی لەبارەى هێرشەکانی سەر کۆرمۆر: وەڵامی خۆمانمان دەبێت

2022.06.25 - 11:39
App store icon Play store icon Play store icon
قوباد تاڵەبانی لەبارەى هێرشەکانی سەر کۆرمۆر: وەڵامی خۆمانمان دەبێت

ناس کورد-

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە سەرچاوە و بکەرانی هێرشەکانی سەر کێڵگەکانی غاز لە کۆرمۆری چەمچەماڵ دەکەن و "ئەوکاتە وەڵامی خۆمانمان دەبێت."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە پێشانگەیەکی هەلی کار لە سلێمانی (25ی حوزەیرانی 2022) ڕایگەیاند، "دیار نییە ئەو هێرشانە چ ئامانجێکیان لەپشتە، بەڵام ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، ورەیان لەوە بەهێزترە بە چەند مووشەکێک بڕووخێت".

 

وتیشی، "هێرشەکە زیانی گیانی و ماددی لێنەکەوتووەتەوە و چاوەڕێین بزانین ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بەرەوکوێمان دەبەن".

 

دوێنێ هەینی بۆ جاری دووەم بە کاتیۆشا هێرش کرایە سەر کێڵگەى غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.

 

سدیق محەمەد، بەڕێوەبەرى ناحیەى قادر کەرەم (24ی حوزەیرانی 2022)  بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند، هێرشەکە کاتژمێر 2:10 خولەکى پاش نیوەڕۆ بووە، کاتێک موشەکێک ئاڕاستەى کێڵگەکە کراوە.  

  

وتیشى، موشەکەکە لە دەرەوەى کێڵگەکە و لەناوچەیەکى چۆڵدا کەوتووەتە خوارەوە و بەهۆى بوونى پوش لەو شوێنە ئاگر کەوتووەوە.  

  

سدیق محەمەد باسى لەوەشکرد، موشەکەکە لەهەمان ئاڕاستەى موشەکەکەى پێشووە هەڵدراوە، لە بۆشایى ئەمنى خواروى کێڵگەکەوە کە ناوچەیەکى بەرفراوانە.  

  

جەختیشیکردەوە، هێرشەکە زیانى نەبووە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە، ئەوەش باس دەکرێت کە گوایە موشەکەکە بەر کەمپەکە کەوتووە راست نییە.  

  

لەبارەى لێکۆڵینەوەکان لە هێرشەکەى پێشوو، سدیق محەمەد وتى تا ئێستا لێکۆڵینەوە بەردەوامە و نەگەیشتووە بەئەنجام.  

  

لەماوەى سێ رۆژدا ئەوە دووەم جارە هێرش دەکرێتە سەر کێڵگەى غازى کۆرمۆر لەچەمچەماڵ کە لەلایەن کۆمپاناى دانا غازەوە بەڕێوەدەبرێت.    

  

هێرشەکەى پێشوو لە (22ی حوزەیرانی 2022) ئەنجامدرا لە ڕێگەى کاتیۆشایەکەوە کە هیچ زیانێکى گیانى لێنەکەوتەوە.    

  

عەلى حەمەساڵح سەرۆکى لیژنەى وزە لەپەرلەمانى کوردستان لە راگەیەنراوێکدا وتى "هێرشکرایەوە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆرو ئەمجارە لە کەمپەکە دراوە، دەسەڵاتداران پێویستە ئەم هێرشانە بەجدی وەربگرن!".